زەعیم عەلی: پێشمەرگە داعشی لە قاڵب داوە و تەواو بچووكی كردوونەتەوە
بەرپرسی میحوەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دیجلە (زەعیم عەلی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شەڕی پێشمەرگە و داعش باڵانسی هێزی ناوچەكەی گۆڕی، چونكە ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە داعش مەترسیی لەسەر هەموو ناوچەكە دروست دەكرد، بەڵام پێشمەرگە لە ماوەی 8 مانگی ڕابردوودا داعشی لە قاڵب داوە و تەواو بچووكی كردوونەتەوە، ئەو دەوڵەتە بە ناو ئیسلامییەی خۆیان باسیان دەكرد، ئێستا بۆ ناو شارێك گەمارۆ دراون".
(زەعیم عەلی) گوتیشی: "داعش لە هیچ میحوەرێك ناتوانێت بێتە سنووری خاكی كوردستان و لە ماوەی شەڕەكانی ڕابردوویشدا كوژراوێكی یەكجار زۆریان هەبووە و بە سەدان ئەمیریان كوژراون، بۆیە پێشمەرگە قەبارەی داعشی لە هەموو جیهان بچووك كردەوە و خاوەنی ئەو پەیامە بوو كە پێشمەرگە شەڕی هەموو جیهان دەكات، چونكە داعش تەنیا لە عێراق نییە، ئێمە ڕۆژانە دەبینین لەناو كوژراوەكانیان هەر لە ئەورووپاوە تا ئەفەریقا و وڵاتانی دیكەی جیهان كاریان لەگەڵ دەكەن، بۆیە داعش كە پایتەختەكەیان هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، یەكەم مەترسین بۆ سەر هەرێم، بەڵام كاتێك پێشمەرگە گەورەترین ڕێكخراوی تیرۆرستی تێك دەشكێنێت، ئەمە دەستكەوتێكی زۆر گەورەیە بۆ گەلەكەمان".
