سەرۆك بارزانی: هیچ هەوڵێک ناتوانێ کوردی ئێزدی لە کوردستان و گەلەکەمان داببڕێت

سەرۆك بارزانی: هیچ هەوڵێک ناتوانێ کوردی ئێزدی لە کوردستان و گەلەکەمان داببڕێت
مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی سه‌ری ساڵی ئێزدی و جەژنی “چارشەمبا سوور” لە پەیامێکدا ئەو جەژنەی لە ‌ كوردە ئێزدییەکان پیرۆز کردووە.

ئەمە دەقەکەیەتی:

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی ئێزدی، جه‌ژنی چارشه‌مبا سوور، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ سه‌رجه‌م خوشك و برایانی كوردی ئێزدی له‌ كوردستان و جیهان ده‌كه‌م.

کوردی ئێزدی نموونەی بەرخودان و خۆڕاگریی گەلەکەمانن کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ قڕکردن و تواندنەوەیان، هیچ دوژمنێك نەیتوانیوە كوردانی ئێزیدی لەناو ببات هەر بۆیە سەرەڕای دڕندەیی و هەموو کارە نامرۆڤانەکانی تیرۆریستانی داعش لەکاتی داگیرکردنی دەڤەری شنگال، نەیانتوانی ئیرادەی ئێوەی ئازیز تێکبشکێنن و بەرخودان و خۆڕاگریتان بوو بە پەیامێک بۆ هەموو دۆست و دوژمنان کە ئێزدییەکان بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردستانن و هەر لەو پێناوەشدا بوو کە سەدان ڕۆڵەی کوردستان لە خانەقینەوە تا دەگاتە زاخۆ بە چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتییەوە هاتن و بۆ ئازادکردنەوەی دەڤەری شنگال خوێنی گەشیان ڕژایە سەر خاکی ئەو دڤەرە و شەهید بوون، خوێنێ ئەو شەهیدانە پەیامی ڕوونە کە هیچ هەوڵێک ناتوانێ کوردی ئێزدی لە کوردستان و گەلەکەمان داببڕێت.

لە سایەی ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگەوە ئێستا زۆربەی ناوچەکانی دەڤەری شنگال لەدەستی تیرۆرسیتانی داعش ئازادکراون و بە دڵنیاییەوە هیچ بستێک لە خاکی کوردستان لەژێر دەستی تیرۆریستاندا ناهێڵینەوە و ئەم ڕەوشەی ئێستای خوشک و برایانی ئێزدی بە کۆتایی دێت و بە سەربەرزییەوە دەگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان و دڵنیاشتان دەکەینەوە کە پێشمەرگە دەبێتە شورەیەکی پۆڵایین بۆ پاراستنی ئێوە و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان.

لە جەژنی سەری ساڵی ئێزدیدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە بە هەموو توانامانەوە پاڵپشتیی خوشک و برایانی ئێزدی دەکەین و دەبێ خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و ڕێگە نادەین کەسانێک چارەنووسی ئەوان دیاری بکەن و سوورین لەسەر پاراستنیان و دابینکردنی داهاتوویەکی دوور لە ناخۆشی و چەوسانەوە.

مسعود بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

15/4/2015
Top