وردەکاری مەراسیمی ٢٧ ساڵەی ئەنفال لە گەرمیان
سەرەتای مەراسیمەكە بە چەند ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد و دواتر چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە، دوابە دوای ئەوەش (سەلاح كوێخا) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان گوتارێكی پێشكەش كرد و، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لێرەدا كۆبوینەتەوە بۆ مەراسیمی یادی 27 ساڵەی تاوانی ئەنفال، تاوانێك بەدیدی هەمووان بەیەكێك لە قێزەونترین و دڕەندەترین تاوانی سەدەی بیست لە جیهاندا دادەنرێت، كە زیاتر لە 182هەزار مرۆڤی كورد تەنها لەبەر ئەوەی كە كوردبوون بە دەستی ڕژێمی بەعسی فاشیزم ڕووبەڕووی مەرگ بوونەوە، ئەم ئازیزە ئەنفالكراوە سەربەرزانەش زۆربەیان دانیشتووی گەرمیان بوون، دیارە ئامانج لەو تاوانە پاكتاوی ڕەگەزی و، سڕینەوەی نەتەوەی كورد بوو.
گوتیشی، ئەمڕۆ كە یادی ئەنفال دەكەینەوە، جارێكی دی وڵاتەكەمان كەوتووەتە بەر هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش كە تاوانەكانی ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستیە دەرهەق بە گەلی كورد لە تاوانەكانی بەعس كەمتر نییە و، تەواوكەر و درێژەپێدەری تاوانی ئەنفالی بەعسییەكانە، هەروەك بینیمان هاوشێوەی تاوانی ئەنفال لە باشوور و ڕۆژاوای كوردستان بە گشتی و شنگال بە تایبەتی چەندین كردەوەی ئەنفالئاسا و كۆمەڵكوژییان بەرامبەر گەلەكەمان کرد.
دوای ئەوەش (مەحموود حاجی ساڵح) وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێم وتارێكی پێشكەش كرد و، تیشكی خستەسەر دڕەندەیی ڕژێمی بەعس و، ئەو كۆمەڵكوژیانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەرهەق بە گەلی كورد دەیکرد.
لە گوتارەكەیدا گوتیشی، ئێمە وەكو وەزارەت هەموو هەوڵەكانمان چڕ كردووەتەوە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوان لە چوارچێوەی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری ئەنفالكراوان.
وەزیری شەهیدان ئاماژەی بەوەیش دا، لەگەڵ وەزارتی مافی مرۆڤی عێراق هەماهەنگیان كردووە بۆ دۆزینەوە و هێنانەوەی ئەو ڕوفاتانەی ئەنفالكراوان كە لە ناوچە جیاوازەكانی عێراقدان.
دوابەدوای ئەوەش، پەرلەمانتار سالار مەحموود وتاری پەرلەمانی كوردستانی پێشكەش كرد و، گوتی، ئەنفال تاوانێكی گەورەیە دژ بە گەلی كورد نابێت تاوانبارانی ئەم كەیسەی ئەنفال بە هیچ شێوەیەك دەربازیان ببێت.
ڕایشیگەیاند، پەرلەمانی كوردستان پەیامی بۆ هەموو جیهان هەیە كە هاوشێوەی وڵاتانی سوید و بەریتانیا و نەرویج تاوانی ئەنفال بە جینۆساید بناسێنین، لەو ڕووەیشەوە لە هەوڵی بەردەوامداین.
(سالار مەحموود) ڕایشیگەیاند، ئێستا پرسی بەپارێزگاکردنی گەرمیان لەژێر دیراسەی پەرلەماندایە و، بەپارێزگاکردنی ئیدارەی گەرمیانیش كارێكی بەجێیە، چونكە ناوچەكە زۆر شیاوە بۆ بوون بە پارێزگا.
دواتر هەر لە درێژەی مەراسیمەكەدا، پەرلەمانتار (د. موسەنا ئەمین) بە ناوی پەرلەمانی عێراقەوە گوتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند: "بە ناوی نوێنەرانی كورد لە بەغدا پرسە و ماتەمینی خۆمان ئاراستەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان دەكەین و، لێرەوە پێیان ڕادەگەیێنین كە ئێستا لەسەر ئاستی دامودەزگا فیدراڵییەكانی عێراق كەیسی ئەنفال بە جینۆساید ناسێنراوە و چەندین تاوانباری كەیسەكەیشی سزا داوە.
دوابەدوای ئەوەش لەلایەن هاوڕی پێشڕەو بە ناوی ڕێكخراوەكانی بواری ئەنفال و ماڵومناڵ و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوانەوە وتارێكی پێشكەشكرد و تێدا چەند داواكارییەكی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە خۆی دەبینییەوە لە، هەوڵەكان چڕ بكرێتەوە بۆ بەجینۆساید ناساندنی كەیسی ئەنفال لە ئاست وڵاتانی جیهان و دەستگیركردنی ئەو جاش و مستەشارانەی كە دەستیان هەبووە لە شاڵاوی ئەنفالدا، لەگەڵ هێنانەوەی ئەو ڕوفاتانەی ئەنفال كە تا ئێستا نەهێنراونەتەوە، هەروەها دوایشی كرد، یادگار (مۆنۆمێنت)ـێكی شایستە لە گەرمیان بۆ ئەنفال بكرێتەوە و، كاری جیددی بكرێت بۆ هەمواركردنەوەی یاسی ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری ئەنفال كراوان.
دواتر، لەلایەن گروپی دوێتەیلی خانەقینەوە، چەند سرودێكی نیشتمانی پێشكەش كرا.
لە كۆتایی مەراسیمەكەشدا، لەلایەن بەرپرسان و لایەنە سیاسییەكان و، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفاداری لەسەر یادگاری ئەنفال دانرا.
بڕیارە تا چەند ڕۆژی دی، چەندین چالاكی تر تایبەت بە یادی 27 ساڵەی تاوانی ئەنفال لە شاری كەلار و كفری و خانەقین بکرێت.
