د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە میانی پێشوازیکردن لە شاندێکی دیبلۆماتی تورکیا، کە پێکهاتبوون لە (مەسعود ئۆزجان بەرپرسی ئەکادیمی و دیبلۆماسی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و شەعبان کارداش سەرۆکی دەزگای ئۆرسام و محەمەد شاهین) کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣ شەممە، ١٤ی نیسان سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، وتی "هەرێمی کوردستان خوازیاری پەیوەندییەکی باش و دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتیش کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا، هیوادارین پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانمان بدەین لەسەر بنەمای دۆستایەتی و بەرژەوەندی هاوبەش." لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی" چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا بەهێز دەکات، هەربۆیە ئەو پرۆسەیە بەلای هەرێمی کوردستانەوە گرنگە، لەبەر ئەوەی سەرکەوتنی ئاشتی لە تورکیا، سەقامگیریی و بوژاندنەوە دەدات بە تورکیا و ناوچەکە، ئەمە جگە لەوەی هەمو دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکەن و هیوای ئەوە دەخوازن لە بری زمانی چەک زمانی دیالۆگ سەرکەوتوبێت."
پاشان شاندە دیبلۆماسییەکەی تورکیا، سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، لەبارەی بۆچوونەکانی سەبارەت بە پرسی ئاشتی لە وڵاتەکەیاندا و چەند پرسێکی گرنگیان لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد و پرسی دەستوور و ناوچە دابڕاوەکان و شەڕی دژ بە تیرۆرستانیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێکرد.
ماڵپەری پەرلەمانی كوردستان