مەسرور بارزانی پێشوازی لە بالیۆزی کەنەدا لە عێراق و ئەردەن و شاندی یاوەری دەکات

مەسرور بارزانی پێشوازی لە بالیۆزی کەنەدا لە عێراق و ئەردەن و شاندی یاوەری دەکات
ئەمڕۆ "مەسرور بارزانی" راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە "برونۆ ساکۆمانی" بالیۆزی کەنەدا لە عێراق و ئەردەن و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا پەرەسەندنەکانی بواری ئەمنی و یارمەتییەکانی سەربازی و مرۆیی و پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کەنەدا و پێداویستییەکانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش تاوتوێ کرا.

لەوبارەوە مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گرنگی پێکەوە کارکردن لەم شەڕە جیھانییە دا و رایگەیاند: ئێمە دۆست و ھاوبەشین، پێویستە پێکەوە کار بۆ شکاندن و پاشەکشەکردن بە تیرۆریستانی داعش و پتەوترکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵیەکان بکەین.

لە بەرامبەردا بالیۆزی کەنەدا لە عێراق و ئەردەن خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر ئەو پێشکەوتنانە نیشان دا، کە لە کوردستان بەدیھاتوون و رایگەیاند: ئەو پێشکەوتنانەی لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و مرۆییدا لە کوردستان بەدیھاتوون مایەی خۆشحاڵی ئێمەن و بەلای ئێمەوە زۆر گرنگن و دەمانەوێ پێکەوە لەگەڵ ئێوەدا کاری لەسەر بکەین، وەک بنەمای ئایندەی پەیوەندی نێوان کوردستان و کەنەدا.
Top