پەیامی سەرۆك بارزانی لە بیستوحەفتەمین ساڵیادی كارەساتی ئەنفال
لە ساڵیادی بیستوحەفت ساڵەی دەستپێكردنی شاڵاوی ئەنفال لە دژی ڕۆڵەكانی گەلەكەماندا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفال دەكەین. لە كاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە كە پێشمەرگە قارەمانانە لە سەنگەری بەرگریكردندایە و ئەفسانەی تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی شكاند. ئازادیخوازی و پابەندبوونی گەلی كوردستان بە بەها باڵاكانە كە هانی دوژمنانی كورد دەدات وا دڵڕەقانە پەلاماری گەلی ستەمدیدەی كوردستان بدەن. ئەمجارەیشیان دوژمنانی گەلی كوردستان بە هەمان نەفەسی دوژمنكارانە و نائینسانیانەی ئەنفالچییەكان هێرشی دڕندانەیان كردە سەر گەلی كوردستان بەڵام خۆڕاگریی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە ڕێگەی نەدا تیرۆریستان و دوژمنانی كوردستان بە ئامانجە شوومەكانیان بگەین.
ئەنفال پەڵەیەكی شەرمەزارییە لەسەر تەوێڵی دوژمنان و جیهان كە لەبەرانبەر ئەم كارەساتەدا بێدەنگی هەڵبژارد. لەم یادەدا ئەوە دووپات دەكەینەوە كە پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانی بەردەوام بن و بگەنە ئەنجام و هەروەها دەوڵەتی عێراقیش بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان و پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكات و، ڕوفاتی پیرۆزی هەموو شەهیدانی ئەنفالیش بگەڕێنرێتەوە بۆ خاكی نیشتیمان.
لە یادی ئەم كارەساتە دڵتەزێنەدا باشترین وەفا بۆ قوربانی و شەهیدانی ئەنفال پاراستنی یەكڕیزیی گەلەكەمان و دەستگرتنە بە بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵاتەكەمان، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو قۆناغە سەخت و تەحەدییانەی ڕووبەڕووی گەلەكەمان دەبێتەوە بە سەركەوتوویی تێبپەڕێنین.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
14ـی 4ـی 2015
KRP
