وەزارەتی پێشمەرگە دوو لیوای پێشمەرگەی خۆبەخش دادەمەزرێنێ‌

 وەزارەتی پێشمەرگە دوو لیوای پێشمەرگەی خۆبەخش دادەمەزرێنێ‌
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو لیوای پێشمەرگەی خۆبەخش دادەمەزرێنێ‌.

لە راگەیێنراوێکدا، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە بەبڕیاری پێشتری مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رەزامەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاردراوە دوو لیوای پێشمەرگەی رێكخراوی خۆبەخش دابمەزرێ، كە هەموو چینوتوێژەكانی هاووڵاتیانی كوردستان تێیدا بەشدار دەبن.

سەبارەت بە مەرجی وەرگرتن، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە تەنها مەرجەكانی پێشمەرگایەتی لەبەرچاو دەگیرێ، كە لە ئایندەدا لە راگەیاندنەکان بڵاودەكرێنەوە، بەڵام ئاماژە بەوەشکراوە کە گرنگترین مەرجەكان بریتین لە (تەمەن و پلەی زانستی و جێگای مەشق و جێبەجێكردنی ئەرك) كە دەبێت تەمەنی خۆبەخش لە نێوان (18 - 30) ساڵ بێت.

لەبارەی ئەوەش كەی دەست بە ناونووسین دەكەن بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێ‌ بەخۆبەخش ببنە پێشمەرگە، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان رايگەیاند "تائێستا رۆژەكەیمان دیارینەكردووە، هەرکاتێک دیاریمان كرد بەهەمانشێوە بە راگەیێنراوێك راگەیاندنەكانی لێ ئاگادار دەكەینەوە".

دەقی راگەیێندراوەكە:

لەبارەی : دامەزراندنی دوو لیوای پێشمەرگە بە نیزامی خۆبەخشی

لە پێناوی زیاتر بەهێزكردن و تۆكمەكردن و بە سیستماك و ستانداردتركردنی یەكەكانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و بەمەبەستی هاوبەشكردنی بەشداربوونی گشت چینوتوێژەكانی هاووڵاتیانی كوردستان لە پڕۆسەی ئەركی نیشتمانی ئەویش بەرگریكردن و پاراستنی كوردستانی ئازیزمان، پاش دیاریكردنی رێوشوێنی گونجاو لەلایەن ئەنجوومەنی بەرگری وەزارەتی پێشمەرگەوە لەبارەی چۆنیەتی هەنگاونان بۆ پێكهێنانی یەكەكان و مەرجەكانی وەرگرتن و چۆنیەتی مەشقپێكردن و لەپاشاندا جێگای جێگیركردنی یەكەكان بۆ بەجێهێنانی ئەركی نیشتمانی و دوای ئەوەی فەرماندە‌و لێپرسراوە باڵاكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای هاوپەیمان بەڵێنی دابینكردنی گشت پێویستیەكانی چەك و تەقەمەنی و ئامێر و كەرەستە و كەلوپەلی پێویستی یەكەكانیان دا، وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر رۆشنایی بڕیاری پێشتری بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ڕەزامەندی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا:
دوو لیوای پێشمەرگەی ڕێكخراوی خۆبەخش دامەزرێنی كە گشت چینوتوێژەكانی هاوڵاتیانی كوردستان تێدا بەشدار بن بەبێ جیاوازی و تەنها مەرجەكانی پێشمەرگایەتی لەبەرچاو دەگیرێ كە لە ئایندەیەكی نزیكدا لە گشت هۆكارەكانی ڕاگەیاندن بڵاودەكرێنەوە و گرنگتریان مەرجەكانی (تەمەن و پلە زانستی و جێگای مەشق و جێ بەجێ كردنی ئەركە) كە دەبێت تەمەنی خۆبەخش لە نێوان (18 - 30) ساڵ بێت و ئەگەر ژمارەی خۆبەخشكەران لە پێویستی میلاكی هەردوو لیواكە زیاتر بوو، ئەوە ڕێژەی تەمەن دێتە خوارەوە وپلەی زانستی لەشەشی سەرەتایی بۆ سەرەوە دەبێت و بەهەمان شێوە ئەگەر ژمارەی خۆبەخشكەران زیاتر بوو ئەوە ئاستی پلەی زانستی بەرز دەبێتەوە و دەبێت خۆبەخشكەران ئامادەبن لە هەر ناوچەێكی كوردستان بێت بەشداری مەشق و جێبەجێ كردنی ئەركی پێشمەرگایەتی بن.








رووداو
Top