ھەرھاووڵاتیەک خانوو دروست بکا، حکوومەت ٢٠ بۆ ٢٥ تەن چیمەنتۆی پێ دەدا
شێخ ئاراس رەئوف بەرێوەبەری گشتی پیشەسازی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان بە باسنیوزی راگەیاند: پێدانی چیمەنتۆ لە لایەن حکوومەتەوە بۆ ھاوڵاتیان زیادکراوە، ئەگەر ھاوڵاتیەک لە نێو شاردا خانوو دروست بکا بۆی ھەیە ٢٥ تەن چیمەنتۆ وەربگرێت، پێشووتر ٢٠ تەن بوو، بۆ دەرووبەری شار و گوندەکانیش بە رێژەی جیاوازتر و کەمتر بۆیان ھەیە چیمەنتۆ وەربگرن.
بە گوتەی شێخ ئاراس ھاوڵاتیانی نیشتەجێیی ناو شارەکان تا بڕی ٢٥ تەن چیمەنتۆ، بۆ ھاوڵاتیانی شارۆچکەکان و قەزاو ناحیەکان تا بڕی ٢٠ تەن و بۆ گوندنشینەکانیش تا بڕی ١٥ تەن چیمەنتۆ دەدرێت.
بەرێوەبەری گشتی پیشەسازی گوتیشی: ھەموو ئەو کەسانەی کە خانووی نیشتەجێبوون دەکەن لەو بڕیارە سودمەند دەبن، بەڵام بۆ بواری بازرگانی بۆ نمونە دروستکردنی باڵەخانە و بواری تری بازرگانی چیمەنتۆ بە کەس نادرێت، لە ھەموو شارەکان بەرێوەبەرایەتی پیشەسازی ھەیە ھاوڵاتیان دەتوانن لەو بەرێوەبەرایەتیانە داواکاریی پێشکەش بکەن و چیمەنتۆوەربگرن.
لە بارەی نرخی ھەر تەنێک چیمەنتۆ ئاراس رەئوفئاماژەى بەوەکرد، بۆ ھەر تەنێک ٦٠ ھەزار دینار لە ھاوڵاتیان وەردەگیرێت، بە بەراورد بە بازار نرخی چیمەنتۆکە ھەرزانترە، پێشوو تر لە بازار زۆرگران بوو، بەڵام ئێستا لە سەرووی ٨٠ ھەزار دینارە، ھەر ھاوڵاتیەک مامەڵە پێشکەش بکات ئەوە رۆژێک پاشتر چیمەنتۆکەی پێ دەدرێت.
لە ساڵی ٢٠١٣ جیاوازی نرخی ھەر تەنێک چیمەنتۆی حکوومی بەرارود بە بازار ٥٠ بۆ ٦٠ دۆلار ھەرزانتر دەوەستا بۆ ھاوڵاتیان.
بە پێی قسەکانی شێخ ، بە پێی دوا بڕیاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی, ئەگەر ھاوڵاتییەک ٥ ساڵ تێپەڕبووبێت بەسەر سوودمەندبوونی بە وەرگرتنی چیمەنتۆی حکوومی مافی دووبارە وەرگرتنەوەی چیمەنتۆی ھەیە بۆ ھەمان موڵک یا ھەر موڵکێکی تر.
کارگەکانی چیمەنتۆی خۆماڵیدا ٤ ھەزار کەس کاردەکەن و ئەو کارگانە ھەلی کاری خۆماڵیان دروستکردوە، ھاتنی چیمەنتۆی بیانی کاریگەری خراپی بۆ ئەو بوارەی دەبێت.
