دیوانی چاودێریی دارایی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی فەرمانبەران دەكات
بە پێی هەواڵێکی (باس)، دیوانی چاودێریی دارایی داوای لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ چارەسەركردنی كەموكوری دۆسیەی فەرمانبەران، لیژنەیەكی شارەزا لە فەرمانگەكان پێك بهێندرێت.
بەپێی نوسراوێكی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان كە لە ١١-٢-٢٠١٥ دەرچووە و (باس) وێنەیەکی لەو نوسراوە بڵاو کردۆتەوە، سەرۆكی دەستەكە ئاشكرای دەكات لە ئەنجامی بەدواچوونی دەستەكانی چاودێریی لە سەر داموودەزگا حكوومییەكان بۆیان دەركەوتووە دۆسیەی كەسی فەرمانبەران كەموكوڕی زۆری هەیە.
هەروەها جەختی كردۆتەوە نابێت بڕوانامەی فەرمانبەران لە دۆسیەكان كۆپی بێت و دەبێت وێنەی رەسەنی بڕوانامەكان هەبێت.
دیوانی چاودێری دارایی ئاماژەی بەوەداوە ئەو بڕوانامانەی گومانیان لەسەرە و ساختە بن دەبێت یەكلایی بكرێنەوە و ئەو شوێنانە لە راستی و نادروستی بروانامەكە ئاگادار بكرێنەوە كە پەیوەندیان بە پێدانی بڕوانامە هەیە.
سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی دووپاتی كردۆتەوە پێویستە هەموو نوسراو و بەراییەكانی نێو دۆسیە بە زنجیرە دابندرێن و ژمارەشیان لەسەر بدرێت.
دیوانی چاودێری دارایی بە پێویستی دەزانێت دۆسیەی فەرمانبەران بە تەواوی كۆنترۆڵ بكرێت و پارێزراو بێت، بە تایبەت لەو بەڵگانەی كە لە نێو دۆسیەكەدایە.
ئاماژە بەوەشکراوە هەموو ئەو نوسراوانەی لە نێو دۆسیەدا هەڵدەگیرێن، لە دامەزراندن و سەرموچە و بەرزە مووچە و پرسەكانی تری پەیوەست بە فەرمانبەر دەبێت وێنەی رەسەن بن و كۆپی نەبن.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە بۆ پەرلەمانی كوردستان رەوانە كراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان 684 هەزار فەرمانبەری هەیە.
خالید هادی چاوشڵی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بە (باس)ی ڕاگەیاند؛ مەبەست لەو كارەیان ئاگاداكردنەوەی دامودەزگاكان لە سەر گرنگی دۆسیەی فەرمانبەرانە و لە دوای نوسراوەكەی ئێمە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە مانگی رابردوودا هەموو فەرمانگە و وەزارەتەكان لە داواكارییەكانی ئێمە بۆ دۆسیەی فەرمانبەران ئاگاداركراونەتەوە.
خالید هادی ئاماژەی بەوەشکرد، دۆسیەی فەرمانبەران زۆر گرنگە چونكە هەموو شتێكی تایبەتی فەرمانبەری تێدایە ئەگەر بمانەوێت لێكۆڵینەوە لە فەرمانبەرێك بكەین پێویستیمان بەو دۆسیەیە هەیە، هاوكات پێویستمان بەوە هەیە ئەو پرسە بە سیستەم بكرێت.
سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی پێیوایە كەموكوری زۆر لە دۆسیەی فەرمانبەران هەیە و دەبێت چاكسازیی و پاكسازی تێدا بكرێت و گومان لە برونامە و فەرمانی دامەزراندنی هەندێك فەرمانبەر هەیە، ئەوەش پێویستی بە لێكۆڵینەوە و وردبینی كردن هەیە و دەبێت حكوومەت هاوكاریمان بكات.
