پڕۆژەی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان لەنێوان تاكتیك و ستراتیژدا

پڕۆژەی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان لەنێوان تاكتیك و ستراتیژدا
لە بابەتێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان د. جعفر ئیبراهیم ئێمینكی دەڵێ: هێنانەكایەی دەستوورێكی مۆدێڕن بۆ هەرێمی كوردستان لە ئامانج و ئامڕازە ستراتیژییەكانە، هەر بۆیە دەبێت ئەو ئامانجە بەستراتیژ دابنرێت و بەهەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، نەوەك بە ئامرازێكی تاكتیك سەیر بكرێ و بەكاربهێنرێ. ئەزموونی سیاسیی سی ساڵی رابردووی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی عێراق، ئەو راستییە تاڵە دەسەلمێنێت كە تاكتیك لە زۆربەی هەرە زۆری چالاكی و هەنگاوە سیاسییەكاندا زاڵ بووە، هەر لە راپەرینی پیرۆزی بەهاری ١٩٩١ـەوە تا ئەمڕۆ بۆتە دیاردەیەكی نەرێنی، هەر بۆیە سەقامگیریی سیاسی بە لاوازی بەردەوام بووە و هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستاندا هەمیشە لەنێو بۆتەی ترسێكی شاراوەدا دەژین، كە تەقینەوەی هەر گرژییەكی سیاسی ئەگەری هێنانە كایەی قەیرانێكی سەرتاسەری بووە! ئەم هۆكارە وایكردووە پرۆسەی سیاسی بە ئەندازەی پرۆسەی ئابووری و كۆمەڵایەتی گەشە نەكات و دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان نەتوانێت ببێتە خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتداری و تەنانەت نەتوانێت ببێتە خاوەنی دەستوورێك هەتا ئەگەر تەنها لەسەر كاغەزیش نووسرابێتەوە و بە تەواوی جێبەجێ نەكرێت.

د. جعفر ئیبراهیم هەروەها دەڵێ: ئەو گەشە كردنەی كە ئێمە هەموومان چاوەڕوانین لە بواری سیاسی هاوشێوەی بواری ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان بەردەوام و بەهێز بێت، دەچێتە خانەی خەونێكی وەدینەهاتوو كە جێبەجێ ناكرێت. ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بكەین، ئەوەیە كە دەبێ هێزە سیاسییەكان وەكو شەریك (هاوبەش) یەكتر قبووڵ بكەن و مامەڵە لەگەڵ یەكتر بكەن، نەك دوژمنانە وەك ئەوەی ئێستا دەكرێت، تا گەیشتۆتە ئەو رادەیەی پڕۆژەی دەستوور لەبەر یەك ماددە نەچێتە ریفراندۆم كە پەیوەستە بە خوێندنەوەی لایەنێكی سیاسی و سیستەمی حوكمڕانی بەوەی گوایە پڕۆژە دەستوورییەكە سەرۆكایەتییە و داوادەكەن ببێتە پەرلەمانی كە ئەم بۆچوونە دوورە لە راستی و هیچ بنەمایەكی زانستی نییە، بەڵكو هەوڵێكی تاكتیكییە لەپێناو رێگەگرتن لە گەشەسەندنی سیاسی و رێكخراوەیی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی٢٠١٠ لە سەر گۆڕەپانی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا بووه.

شايانى باسه ئیبراهیم هەروەها دەڵێ: ناكرێت لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیرێكی حكومەت تەنها لەبەر ئەوە بێت كە سەر بە فڵانە حزبی سیاسییە و تەنها بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە لەو حزبە ئەو كارە ئەنجام بدرێت، وەك ئەوەی ئێستا لە پەرلەمانی كوردستان هەندێك پەرلەمانتار زۆر بەداخەوە پەیڕەوی ئەو جۆرە كارە دەكەن، ئەو كاتەش مامەڵەی هەندێك لایەنی سیاسی كە ئێستا بە ئیستیفزاز و تاكتیكەوە لەگەڵ ویلایەتی سەرۆك مسعود بارزانی دەیكەن، بەدڵنیاییەوە ئەو جۆرە مامەڵەیە دووبارە ناكەنەوە و بەخۆدا دەچنەوە، بەوەی سەرۆك مسعود بارزانی كەسایەتییەكە هەموو ژیانی خۆی لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەكانی خەڵكی كوردستان تەرخانكردووە و بە كردەیی ئەوەی سەلماندووە كە پابەندە بە پرەنسیپ و میكانیزمەكانی دیموكراسی و ئێستاش ئەگەر بێتو بە تێڕوانینێكی ستراتیژی سەیری رابردوو و ئێستا و ئایندەی هەرێمی كوردستان و ئەو كەسایەتییە بكەین، دەگەینە ئەو راستییەی كە هەرێمی كوردستان بۆ چوار ســــــاڵی تر پێویستی بە سەرۆكایەتیی كاك مسعود بارزانی هەیە. هەر ئەو تێڕوانینە ستراتیژییەیە كە ئەگەر گشت لایەنەكان كۆك بن لەسەری، رێگە چارەی یاسایی و شایستە بۆ ئەم پرسە وەدەست دێنن.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1021)
Top