جەدەلی حوكمڕانی لە كوردستاندا

جەدەلی حوكمڕانی لە كوردستاندا
لە بابەتێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان بەناو نیشانی(جەدەلی حوكمڕانی لە كوردستاندا) د.چنار سەعد عەبدوڵڵا دەڵێ: ئەو ڕۆژانە پرسەكانی تازەكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم، دەرچوونی دەستووری هەرێمی كوردستان و میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم (بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ، یا لەناو پەرلەمان) بابەتی گەرمی گفتوگۆكانی ناوەندی سیاسی و ڕۆشنبیری و میدیایی كوردستانن. ئامانجی سەرەكیی گفتوگۆكان خۆی لە بنەڕەتدا مەرجە بۆ گەیشتن بەو مەبەستە كە چۆن هەرێمی كوردستان لە ئەنجامدا ببێتە خاوەن دەستوورێكی تایبەت بەخۆی كە چوارچێوەیەكی تەندروست بۆ ڕێكخستنی دەسەڵاتەكانی سیاسی، یاسایی و ئیداری دابنێت، چارەسەرێكیش بێ بۆ كۆمەڵێك لەو كێشانەی كە لە نەبوونی دەستووردا بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە. كەچی لە ناوەڕۆكی زۆربەی ئەو گفتوگۆیانەی كە بەشێوەیەكی ئاشكرا و شاراوە لە نێوان كەس و لایەنە سیاسیەكان ئەنجامدەدرێ، ئەو مەبەستەی لێ ناخوێندرێتەوە. زاڵبوونی فكری حزبایەتیی بەرتەسك و بەرژەوەندیخوازی گرووپی بەسەر جەدەلەكاندا بەشێوەیەكی گشتی ئاڕاستەی گفتوگۆكانی بە سەر دوو سەنگەری جیاوازدا بەشكردووە.

د.چنار هەروەها دەڵێ: بابەتی (هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەن خەڵكەوە یان لە ناو پەرلەمان) یەكێك لەو تەوەرە هەستیار و سەرنجڕاكێشەكانەیە كە لەمیانی ئەو وتارەدا وەك دروستكردنی نەریتێك، هەوڵدەدەم دوور لە حەساسییەتی حزبی چەند سەرنجێكی لەسەر بدەم.


لە درێژەی بابەتەكەیدا چنار سەعد دەڵێ: 24 ساڵ بەسەر تەمەنی حوكمڕانیی خۆجێیی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت، وێڕای دامەزراندنی پەرلەمان و هەبوونی دامودەزگاكانی بەڕێوەبرن و دەستاودەستكردنی دەسەڵات بە ڕێگەی هەڵبژاردن و هاتنە ئارای چەندین گۆڕانكاری ئەرێنی لە بوارەكانی بووژاندنەوەی زۆر لە شار و لادێكانی كوردستان و بەهێزبوونی پەیوەندی دیپلۆماسی و بازرگانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بە بەراورد لەگەڵ پێشووتر، هەبوونی ئارامی و ئاسایش لەو هەرێمە كە هەمیشە شانازی پێوەدەكەین، كەچی تاكو ئەمڕۆ بنیادی حوكمڕانی لە كوردستاندا ئەوەندە پتەو و ڕێكخراو نییە كە فۆرمی بە دامەزراوە بوونی وەرگرتبێت. هەر بۆیە ئاڕاستەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان، لەهەندێك دۆخدا مەد و جەزری تێدەكەوێت.

لە كۆتایی بابەتەكەیدا چنار سەعد دەڵێ: دۆخی ئەمڕۆی كوردستان پێویستی بە هەبوونی سەرۆكێكی بەهێزە كە ببێتە ناوەندێك بۆ كۆكردنەوەی گشت هێزە سیاسییەكانی كوردستان، و تاكە ناوەندی مامەڵەكردنی سیاسی وڵاتان لە گەڵیدا، نەك سوئستیفادە كردن لە فرە مەرجەعی و ڕێگە خۆشكردن بۆ دەستوەردان. هێزی سەرۆكی هەرێمیش پێویستە لە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆوە بێت لەلایەن گەلەوە، نەك پەرلەمان. ڕەنگ بێ لایەنگرانی سیستمی پەرلەمانی لەو ڕوانگەیەوە پێداگیری لەو شێوازە بكەن كە لەو حاڵەتەدا پەرلەمان وەك دەسەڵاتی باڵاتر دەتوانێ چاودێری و بەدواداچوون بۆ كارەكانی سەرۆكی هەرێم بكات و چوارچێوەی دەسەڵاتی سنووردار بكات،


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1021)
Top