پڕۆژەئامادەکارییەکەی دەستوور پەسەند کرا..٢١ کەس لە ٩٠ رۆژدا کارەکان تەواو دەکەن
(ڤەمان سەلیم) ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای ئامادەکردنی پڕۆژە ١١بڕگەییەکەی دەستوری ھەرێمی کوردستان پەسەند کرا."
(ڤەمان سەلیم) گوتیشی، بەپێی پڕۆژەیاساکە لیژنەیەکی ٢١کەسی دروست دەکرێت و مافی پێکهاتە و کەمینەکانیش لەبەرچاو دەگیرێت و، ڕێژەی ئەندامانیش ٣٠% بۆ ئافرەتان دەبێت و، ھەر بڕیارێکیش لەو لیژنەیە دەربچێت، پێویستە بە سازان بێت و، ھەر ئەندام و لایەنێکیش لەو لیژنەیە مافی ڤیتۆی ھەیە.
ڕوونیشی کردەوە، پێویستە ئەو لیژنەیە لە ماوەی ٩٠ ڕۆژ کارەکانی تەواو بکات و، بگەنە سازان لەبارەی پڕۆژەی دەستوور و، پاشان بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێم دوای پەسەندکردنی لە پەرلەمان کاتێکی بۆ ڕاپرسی بۆ دیاری دەکرێت.
(ڤەمان سەلیم) کە ئەندامی فراکسیۆنی زەردە، ڕایشیگەیاند: "ئێمە وەکو فراکسیۆنی زەرد تێبینیمان لەسەر پڕۆژەیاساکە نەبوو، چونکە ڕێگە بە لیژنەکە دەدرێت چۆن دەست بۆ دەستوور ببەن بۆ ئەوەی سازانی لەسەر بکرێت و، پارتی بۆچوونەکانی خۆی بۆ کاتی گەنگەشەی لیژنەکە ھەڵگرتووە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەندامانی ئەو لیژنەیە مەرج نییە ھەموویان ئەندامی پەرلەمان بن و، دەکرێت کەسی تریشی تێدا بێ، بەو مەرجەی شارەزا و پسپۆڕ بێ.
