عەمید “سەرحەد قادر”، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك ڕاگەیاند، هێزەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەی، بە پێی چەند زانیارییەك، هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان لە سنووری گوندی (باجوان)ی سەر بە شارەدێی (یایچی) ڕۆژئاوای پارێزگای كەركووك ئەنجام دا و توانییان 4 كەس دەستگیر بكەن كە پێشتر چەكداری ڕێكخراوی توندڕەوی داعش بوون و لە شەڕەكانی دژ بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندا بەشدارییان كردووە.ئەوەشی ئاشكرا كرد، ئەو 4 چەكداری داعش، دوای دەستگیر كردنیان، كۆمەڵێك زانیاریی وردیان بۆ پۆلیس ئاشكرا كردووە و باسیان لەوە كردووە، چەكدارانی داعش بە نیازن لە ڕێگەی دروست كردنی شانەی نهێنی لە نێو پارێزگای كەركووك، هەوڵی چوونە ناو كەركووك و ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی دەدەن.
(باسنیوز)