ده ستوور پرسێكی چارەنووسسازە نابێت بخرێتە ناو موزایەدەی سیاسییەوە

ده ستوور پرسێكی چارەنووسسازە  نابێت بخرێتە ناو موزایەدەی سیاسییەوە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان كەریم بەحری ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری كوردستان بۆ گوتى: دەستوور بۆ هەر وڵاتێك، یان قەوارەیەكی سیاسی كە حوكمڕانی تێدا بكرێت، پرسێكی گرنگە و دەستوور بە لوتكەی هەڕەمی هەموو یاساكان دادەنرێت و بەردی بناخەی پرۆسەی رێكخستنی هەموو پەیوەندییە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانە و ئەو دیكۆمێنتەیە كە دەبێتە گرێبەست لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا. لەسەر خەڵك و دەسەڵات پێویستە پابەند بن بەو پرەنسیپانەی كە لەو دەستوورەدا هاتوون، بۆیە لە روانگەی گرنگی دەستوورەوە، من هیواخوازبووم و لە مێژیشە هەروا دەڵێم، بەوەی لە ساڵی 1992 كە بەرەی كوردستانی یاسای ژمارە 1،2ی دەركرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەت، هەر ئەوكات بڕیاری دامەزراندنی كۆمەڵەی دامەزرێنەر (الجمعیة التأسيسية)ی بدایە، ئەو كۆمەڵەیە لیژنەیەكی بۆ نووسینەوەی دەستوور هەڵبژاردایە، هەر ئەو كات ساڵی 1992 دەستوورەكە بخرایەتە ریفراندۆم، پاشان ئەگەر ئەوە بكرایە، ئەوا لە ساڵی 2003 دوای ئەوەی رژێمی پێشوو رووخا و لە 2005 دەستووری عێراق نووسرایەوە، ئەگەر دەستوورمان هەبووایە هەر ئەو كاتە لە دەستووری عێراقدا دان دەنرا بە دەستووری هەرێمی كوردستاندا. بەداخەوە ئەوە نەكرا.


كەریم بەحرى هەروەها گوتی: لە ساڵی 2002 پەرلەمانی كوردستان ئەم هەنگاوەی هەڵگرت، ئەوە بوو لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان بڕیار درا كە لیژنەیەك بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان پێكبهێندرێت، ئەو لیژنەیە لە ماوەی ساڵێكدا كارەكانی خۆی تەواو كرد، بەڵام بە هۆی رووخانی رژێمی پێشووی عێراق و نووسینەوەی دەستووری عێراق لە 2005 و پەسەندكردنی ئەو دەستوورە لەلایەن گەلانی عێراقەوە، بیر لەوە كرایەوە كە هەندێك گۆڕانكاری لە پڕۆژەی دەستووری كوردستان بكرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییە تازانە بگونجێت كە لە عێراقدا هاتۆتەئاراوە، بۆ ئەمەش لە ساڵی 2005 پەرلەمانی كوردستان بڕیارێكی دەركرد بۆ دامەزراندنی لیژنەیەك بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە پڕۆژەی دەستووری 2002 بكات، ئەم لیژنەیەش لەمانگی 8ی 2006 كارەكانی خۆی تەواوكرد و پاشان پڕۆژەی دەستوورەكە چاپكرا و خرایە بەردەستی خەڵك.

شايانى باسه بەحرى هەروەها گوتی: خۆم كە یەكێكم لە ئەندامانی لیژنەی نووسینەوەی ئەو دەستوورە و دواتریش دەنگم بۆ داوە، كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە، دەنگدانی من بۆ دەستوورەكە لەسەر ئەو بنەمایە نەبووە كە هیچ تێبینییەكم لەسەر ئەو دەستوورە و بڕگەكانی نییە، لەم راستەوە بۆچوونی جیاوازم بۆ زۆر لە بڕگە و ماددەكان هەبووە، بەڵام پەرۆشیمان بۆ ئەوە بووە ببینە خاوەنی دەستووری خۆمان بۆیە دەنگمان بە دەستوورەكە داوە و دەستوورەكەش بەو جۆرە نەبووە كە هێڵێكی راست و چەپ بەسەر هەموویدا بهێنین.

لە كۆتایی قسەكانیدا كەریم گوتی: پەرلەمانی كوردستان لەم خولەدا بەپێی ئەو نامەی سەرۆك بۆی ناردبوون، دەبوو پێش هەرئیشێك یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2013ی جێبەجێ بكردایە، لەبەر ئەوەی داواكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوە بوو پەرلەمان كار بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور بكات، بەڵام بۆ نەیكرد، دەبێت ئەو پرسیارە لە پەرلەمان بكرێت. ئێستا بەداخەوە دوای ئەوەی پرسی هەڵبژاردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم هاتە پێشەوە، ئەوجا پەرلەمان بەخۆ كەوتووە و مەسەلەی دەستوور دەورووژێنێت، ئەمە لە كاتێكدا مەسەلەی هەمواركردنەوەی دەستوور هیچ پەیوەندییەكی بە هەڵبژاردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە نییە، لەبەر ئەوەی ئێمە دەبێت لەسەر ئەو خاڵانەی كە لە دەستووركە جیاوازیمان هەیە بگەینە رێككەوتن، ئەوجا سەرۆك هەڵبژێردرێتەوە، یان هەڵنەبژێردرێتەوە، بەداخەوە پەرلەمان و سیاسەتمەدارانی ئێمە لەو بوارەدا بەبێ ستراتیژ هەنگاو هەڵدەگرن و بڕیار دەدەن.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1021)
Top