"شەڕ گەیشتە بەردەم ماڵی بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ"
جەمال مورتکە، بەرپرسی میحوەری گوێڕ لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) گوتی: "لەکاژێر 10ی شەوی رابردوو شەڕەکە دەستیپێکردو ماوەی 20 خولەک بەردەوام بوو. چەکدارانی داعش لە زوممارە بۆ پردی گوێڕ پەڕیبوونەوە ناو شارەدێی گوێڕ، لە تەنیشتی پردی گوێڕ و ماڵی بەڕێوەبەری ناحیە و گازینۆی کەپران هەوڵێکی زۆریان دابوو کە بتوانن پەلاماری پێشمەرگە بدەن، بەڵام پێشمەرگە بەرپەرچی دانەوە، بەتایبەت لە پردی گوێڕ، دوای نزیکەی 20 خولەک چەکدارانی داعش تێکشکێندران".
سەبارەت بە زیانەکانی چەکدارانی داعش، جەمال مورتکە، گوتی: "بەدڵنیاییەوە زیانیان هەبووە و بریندار و کوژراویان لێکەوتووەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شەو بوو ئاماری وردیان نازانین، ئەمڕۆ دەستدەکەین بە گەڕان لە ناوچەکە بۆ ئەوەی بزانین تەرمی چەکدارانی داعش بە جێماوە یان نا". سەبارەت بە زیانی پێشمەرگە لە شەڕەدا، گوتی "تەنیا یەک بریندارمان هەیە".
بە گوتەی بەرپرسی میحوەری گوێڕ، دوای تەواوبوونی شەڕەکە فڕۆکەی هاوپەیمانان گەیشتوونەتە ناوچەکەو ئەوانیش مووشەکیان ئاڕاستەی چەکدارانی داعش کردووە ئیتر کۆتایی بە شەڕەکە هاتووە. مورتکە گوتیشی"لە کاژێر 11ی شەو هێزی پشتیوانی گەییشت و هەموو ناوچەکە گەڕاین و سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەمان کرد".
بەرپرسی میحوەری گوێڕ دڵنیایی دا کە دۆخی میحوەرەکە ئێستا ئارامبووەتەوە.
رووداو
