داعش لە چوار قۆڵەوە هێرشدەکاتە سەر پێشمەرگە

 داعش لە چوار قۆڵەوە هێرشدەکاتە سەر پێشمەرگە
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە 12-4-2015) چەکدارانی داعش لە چوار قۆڵەوە هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری حەردان، بەڵام تێکشکێندراون و تەرمی ژمارەیەک لە کوژراوەکانیشیان کەوتووەتە دەست پێشمەرگە.

موقەدەم رەفعەت سەرگەلی ، بەرپرسی هەواڵگریی لیوای 8ی هێزی پێشمەرگە لە مەفرەقی حەردان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "لە کاژێر 5:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش بە چەکی قورس و سووک لە چوار قۆڵەوە هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە مەفرەقی حەردان، کە دەکەوێتە نێوان سنوونێ و بەرامبەر تەلەعفەر، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بەرپەرچیان دراوەتەوە و زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە".

سەبارەت بە کوژراوانی داعش، عەمید فەیسەڵ خەلەکانی، جێگری لیوای 8ی پیادە لە خەردان بە رووداوی گوت:" لە هێرشەکەدا 11 چەکداری داعش کوژراون، چوار لەو چەکدارانە خۆکوژبوون و بەنیازبوون دزە بکەنە نێو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و خۆیان بتەقێننەوە، بەڵام پێش گەیشتنیان لەلایەن پێشمەرگەوە کوژراون".

عەمید فەیسەڵ گوتی:" سەرەڕای ئەو 11 تەرمەی کە لەبەردەستی پێشمەرگەدایە زیانێکی زۆری دیکە بەر داعش کەوتووە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە".

جێگری لیوای 8ی پیادە گوتیشی:" دوو پێشمەرگە لە شەڕەکەدا بە سووکی برینداربوون".








رووداو
Top