تورکیا هێز دەنێرێتە ئاگری
دوای ئەوەی رۆژی شەممە 11ی نیسانی 2015 لە چیای تەندروورەک لە هەرێمی ئاگری باکووری کوردستان ئاڵۆزی و پێکدادان لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK روویدا، سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای تورکیا رایگەیاندووە، کە فڕۆکەی سەربازییان رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ ئامادەباشی هەر هێرشێک کە بکرێتە سەریان.
هەمان سەرچاوە باس لەوە دەکات، کە لە پێکدادانەکانی رۆژی شەممە، 5 گەریلای پەکەکە شەهید بوون و چوار سەربازی سوپای تورکیاش برینداربوون، گەریلایەکی دیکەش بە برینداری دەستگیرکراوە. سەرچاوەکە دەڵێت "یەکەم جار تەقە لەهێزەکانمان کراوە و دواتر سەربازانمان راستەوخۆ وەڵامیان داونەتەوە". دەشڵێت " هێز و فڕۆکەمان ناردووەتە شوێنەکە بۆ ئامادەباشی".
هەر لەو پێکدادانەدا جەزمی بوودەک، بەرپرسی پێشووی HDP لە ناوچەی ئاگری کوژرا.
رۆیتەرز: روداو
