حکومەت بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری راگرت

حکومەت بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری راگرت
بەڵێندان بەفرۆشتنی دۆلارێكی زۆرتر لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری لە بازاڕەكانی عێراق راگرت، بەجۆرێك ئێستا نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كەمترە لە 130 هەزار دینار.

كۆتایی هەفتەی رابردوو نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرزترین ئاستی تۆماركرد، كە بریتی بوو لە 134 هەزار دینار، بەڵام بەگوتەی هاوڕێ‌ شەهاب لە نووسینگەی پشدەری بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ئێستا نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی كەمترە لە 130 هەزار دینار.

هۆكاری راگرتنی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەگوتەی مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ بەڵێنێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەگەڕێتەوە، چونكە پێشتر بڕیاربوو كار بە مادەی 50ی یاسای بودجەی عێراق بكەن، كە رۆژانە 75 ملیۆن دۆلار لەرێگای بانكی ناوەندی عێراقەوە بە زیادكردنی ئاشكرا بفرۆشن، "بەڵام دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا كار بەو مادەیەی بودجە نەكرێت و زیاتر لەو بڕە بفرۆشرێ‌، بەوەش رێگا لەبەرزبوونەوەی دۆلار گیرا".

مەسعود حەیدەر گوتی: " تەنیا بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، عێراق پێویستی بەوەیە رۆژانە 118ملیۆن دۆلار بفرۆشێ‌، بۆیە دەبێت لانیكەم رۆژانە 150ملیۆن دۆلار بفرۆشێ‌".

بانكی ناوەندی عێراق ئێستا رۆژانە نزیكەی 90 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی لەرێگای زیادكردنی ئاشكرا بە نرخی 100دۆلار بە 116هەزار 600 دینار دەفرۆشێ‌، ئەوە لەكاتێكدا پێشتر رۆژانە 300 ملیۆن دۆلاری دەفرۆشت.















رووداو
Top