پەیەدە ٥٠ لاوی كوردی دەستگیر كرد

 پەیەدە ٥٠ لاوی كوردی دەستگیر كرد
چەكدارانی پارتیی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە)، دوێنێ هەینی لە نزیك گوندی كەلهی سەر بە ناوچەی كۆچەراتی نزیك لە سنووری هەرێمی كوردستان، ٥٠ لاوی كوردیان دەستگیر كرد.

چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانیان گوت، ئۆتۆمبێلەكانی چەكدارانی پەیەدە، هەڵیانكوتاوەتە سەر گوندی كەلهی و گوندەكانی دەوروبەی و ٥٠ لاوی كوردیان لەو ناوچەیەی پێی دەگوترێ كۆچەرات و سەر بە شاری دێركە، دەستگیر كردووە، ئەم كارەیشیان بە پاساوی چەكداركردنی زۆرەملێوەیە كە لە لایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی كانتۆنی جەزیرەوە بڕیاری لێ دراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتی، ئەو لاوانە كە لەبەر داواكردن و چەكداركردنی زۆرەملێ لە دەست هێزەكانی پەیەدە ڕایانكردبوو، خەریك بوو بەر لەوەی ئاساییشی پەیەدە دەستگیریان بكات، بەرەو سنووری هەرێمی كوردستان بپەڕنەوە.

لە لایەكی دیكەوە، چەكدارانی پەیەدە، فەرمانبەری نووسینگەی پارتیی دیموكراتی كوردستان-سووریا (دڵشاد عەبدوڵڵا مەحموود جهوور)ـی ١٧ ساڵانەیان پاش تەواوبوونی دەوامی فەرمییەکەی ڕفاندووە و بەرەو شوێنێكی نادیار بردوویانە.

مامی ئەو فەرمانبەرە کە انوی(عەلی مەحموود جهوور)ـە، بە ڕۆژئاوانیوزی گوتووە، شەوی هەینی، چەكدارانی پەیەدە لە دێرك كوڕی براكەیان ڕفاندووە كە تەمەنی ١٧ ساڵە؛ داوایش لە پارتیی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە) دەكات برازاكەی ئازاد بكەن و واز لەو مامەڵە نادروستانەیان بهێنن.
Top