پارەكەی بەغدا گەیشتە هەرێمی كوردستان
هیڤا حاجی میرخان، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ریاگەیاند، كە لەگەڵ رێباز حەملان، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان قسەیكردووە و ئاگاداركراوەتەوە كە دوانیوەڕی ئەمڕۆ پارەكەی بەغدا گەیشتووەتە بانكی ناوەندی هەرێم.
هەروەها بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی ئاشكراكرد، كە بە زوترین كات دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات دەكرێت.
دەربارەی ئەو 500 ملیۆن دۆلارەش كە بڕیاربوو توركیا بینێرێت بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو ئەندامەی پەرلەمان گوتی:" ئەو بڕە پارەیە تەنها كێشەی رۆتینیاتی هەیە لە بانكەكانی توركیا و هیچ گرفتێكی یاسایی نییە، بڕیاریشە لە ئایندەیەكی نزیك ئەو بڕە پارەیە بگاتە هەرێمی كوردستان".
رۆژی 2 ی كانوونی یەكەمی 2014 ، حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق رێككەوتنێكیان راگەیاند، كە ھەولێر 250 ھەزار بەرمیل نەوتی كوردستان و 300 ھەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لە رۆژێكدا بە چاودێری بەغدا ھەناردەبكات.
رۆژی29ی كانوونی دووەمی 2015 ، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای دانیشتنێكی چەند كاژێری، بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2015 ی پەسەندكرد، كە تێیدا رێژەی17% بۆ ھەرێمی كوردستان جێگیركرا.
كۆتایی مانگی یەكی 2015، بەغدا بڕی 250 ملیار دینار و بۆ مانگی دووش بڕی 490 ملیار دیناری دیكەی رەوانەكرد. واتە بەم بڕە پارەیەی ئەمڕۆ، تاوەكو ئێستا بەغدا تریلۆنێك و 267 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی بودجە، جگە لە پشكی وەزارەتی پێشمەرگە، دەبێت حكومەتی عێراق مانگانە تریلۆنێك و 200 ملیار دینار بۆ كوردستان بنێرێت.
رووداو
