گەشتی نێوان هەرێم و ئێران بێ ڤیزا نییە
لە چەند دەستگایەكی راگەیاندنی عێراقیدا بڵاو كراوەتەوە، هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێك كەوتوون تا بە بێ ڤیزا هاووڵاتیانی هەردوولا هاتوچۆی یەكتری بكەن، لەم بارەیەوە بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران (عەبدوڵڵا ئاكرەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هیچ بڕیارێك لەو بارەوە نەدراوە و هیچ كۆبوونەوەیەكیش لەسەر ئەو بابەتە ئەنجام نەدراوە؛ ئەوەی هەیە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە ڤیزا سەردانی ئێران دەكەن و ئەو كەسانەیش لە ئێرانەوە دێنە كوردستان، مۆڵەتی 15 ڕۆژیان پێ دەدرێت لە ڕێگای ڤیزاكارتەوە، لە دەرەوەی ئەوەیش هیچ بڕیارێك نییە.
گوتیشی: "ڕێژەی چوونی هاووڵاتیانی هەرێم بۆ ئێران، لە ئێستادا بە هەرسێ دەروازەوە ڕۆژانە هەزار كەس دەبێت، كە مانگانە دەكاتە 30 هەزار كەس".
(ئاكرەیی) ئاماژەیشی دا، ژمارەیەكی زۆر گەشتیاری ئێرانییش ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
