تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئیسلام كوردانەیە، نەك ئیسلامی هاوردەكراوی سعودیە و كەنداو و وڵاتانی دیكە
د.عیرفان نەقشبەندى هەروەها گوتی: ئایینی ئیسلام خۆی لە دەقەكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) دەبینێتەوە، ئایینی ئیسلام ئایینی ئاشتی و پێكەوەژیان و لێبووردەییە و رێز لە مرۆڤەكان دەگرێت، بۆیە كاتێك داعش دێت و مرۆڤەكان سەردەبڕێت و هێزی پێشمەرگە بەرگری دەكات، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە هێزی پێشمەرگە بەرگری لەو ئایینە دەكات كە ئایینی ئاشتییە بەو شێوەیەی كە پێغەمبەر (د.خ) پیادەی كردووە، بێگومان ئەگەر بە درێژایی مێژووش سەیر بكەین لەو مێژووەدا دەبینین ئێمە بە سەدان قوتابخانەی ئایینی ئیسلامیمان هەبووە و ئەم قوتابخانانە هەر هەموویان خەڵكیان بەو جۆرە پەروەردە كردووە كە بەرگری لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكەن، هەر ئەو پیاوە ئایینییانەش بەشێوەیەكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وڵاتی ئێمەیان بەڕێوە بردووە، لەوانە شێخ سەعیدی پیران، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، شێخ مەحمودی حەفید، قازی محەمەد، مەلا مستەفا بارزانی، هەر ئەم سەركردانەش بناخەی كوردایەتییان داڕشتووە و بناخەی ئەو پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوانەیان داڕشتووه.
شايانى باسه نەقشبەندى هەروەها گوتی: دانانی كەسێك لە شوێنی خوێدا نەبێت دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ كەموكورتییەكان، پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێت: (إذا وُسِّدَ الأمر إلي غير أهله فانتظر الساعة)، ئەمەش واتە ئەگەر یەكێك لە شوێنی خۆی دانەنرا و كەسەكە پسپۆڕ نەبوو لە كارەكەی خۆیدا، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی خراپبوونی بارودۆخەكە بكەین، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی ئەگەر كەسێك لە شوێنێك دانرا، پێویستە لانیكەم لە 55%ی كارەكانی خۆی پسپۆڕ بێت و بۆ 45%ی پەنا بۆ راوێژكار، یان كەسەكانی دیكە بەرێت، لەم چوارچێوەیەدا گرنگ بوو وەزارەتی ئەوقاف خوێندنەوەیەكی تازەی بۆ دیاردەی داعش بكردایە، كۆنفڕانسێكی گرێبدایە و زانا گەورەكانی جیهانی بانگهێشت بكردایە، لایەنێكی دیكە كە دەبوو لەبەرچاو بگیرایە، ئەویش مەسەلەی وتاربێژی سەر مینبەری مزگەوتەكانە، ئێمە ئەم هەموو مزگەوتەمان هەیه.
عيرفان له كۆتایی قسەكانیدا گوتی: ئێستا ژمارەیەكی ئێجگار زۆری مزگەوتەكان نوێژی هەینی تێدا دەكرێت و هەمووشیان وتاری تێدا دەخوێندرێتەوە، بۆیە دەبێت لەم رووەوە وەزارەتی ئەوقاف پێداچوونەوەیەكی ورد بكات، هەر بۆ نموونە تەنها لە ناو شاری سلێمانی لە 100 مزگەوت نوێژی هەینی دەكرێت و وتاری تێدا دەخوێندرێتەوە، من ئەو پرسیارە دەكەم: ئایا ئێمە 100 وتاربێژمان هەیە كە هێندە بەتوانا بێت تەنها رووداوە راستییەكانی هەفتە بۆ موسڵمانان بخاتەڕوو، پاشان پارێزگاری لە شار و وڵاتی خۆیشی بكات، بە بڕوای من هەڵەی وەزارەتی ئەوقاف لەو خاڵەدایە كاتێك بڕیار لە كردنەوەی مزگەوتێك دەدات، بیر ناكاتەوە وتاربێژەكەی كێیە؟ دەبێت لە پێشدا بیر لە وتاربێژەكەی بكرێتەوە، ئینجا بڕیار لە كردنەوەی مزگەوتەكە بدرێت، پاشان بڕیار بدرێت نوێژی هەینی تێدا بكرێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1020)
