دروستبوونی هاوپەیمانی دژی حوسییەكان مەترسی لەسەر رژێمی ئەسەدیش دروست دەكات

دروستبوونی هاوپەیمانی دژی حوسییەكان مەترسی لەسەر رژێمی ئەسەدیش دروست دەكات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئیبراهیم سمێدعی شارەزای ستراتیژی و ئەكادیمی عێراقی بۆ گوتى: لەو بڕوایەدام عێراق دوورە لەو هاوپەیمانێتییە عەرەبییەی كە توركیا و پاكستانیشی وەك دوو زلهێزی ناوچەكە لە خۆی گرتووە، بۆ وەستاندنی ئەو كێشانەی دەسەڵات و هەژموونی ئێران كە لە ناوچەكە دروست بووە، مەبەستی سەرەكی لە دروستبوونی ئەم بەرەیە راگرتنی ئەو فراوانبوونەی هەژموونی ئێرانییە، بارودۆخەكە لە یەمەن پەرەدەسێنێت بۆ ناردنی هێزی زەمینی بەرەو ئەو ناوچانەی ئەوێ و لەو بارەیەوە سوپای میسر ئامادەیە، بۆ زامنبوونی وەبەرهێنانەكانی كەنداو لەو ناوچەیەدا، لایەنەكانی ناو بەرە ئامادەن هێرشی زەمینی بكەن بۆ گۆڕینی هاوكێشەكە، ئێستاش چەترێكی ئاسمانیی پێشكەوتوو كۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەیان كردووە و رەنگە پاكستانیش ئەو ئەركە راپەڕێنێت، یەمەن پرۆڤەیەكە بۆ دەستێوەردانێكی عەرەبی و ئیسلامی و سوننی لە سووریادا، گەڕانەوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ ناو ئیدلب و كردنی ئەو شارە بە پایتەختی ئۆپۆزسیۆنی سووریا پەرەسەندنێكی گەورەتری ململانێی ناو ئەو وڵاتەی گەرم كردووه.


ئیبراهیم سمێدعى هەروەها گوتی: گەورەترین گرفت لە عێراقدا حەشدی شەعبییە، تا ئێستاش حەشدی شەعبی پێدادەگرێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش بە ستراتیژییەتی ئێرانی نەك عێراقی، سەركردایەتی و راوێژكاران و تەنانەت تەقەمەنی و زۆربەی چەكەكانیان ئێرانین، حكومەتیش هیچ بژارێكی دیكەی بۆ نەماوەتەوە، یان واز لە حەشد بێنێت بەرەنگاری ببنەوە، یان بوار بكاتەوە بۆ داعش، ئەم دۆخە ناكرێت بەو شێوەیە درێژە بكێشێت، ئێمە یاسای پاسەوانی نیشتمانیمان هەیە، هێزەكانی حەشدی شەعبی ناتوانن موسڵ رزگار بكەن، چونكە نەخشەی موسڵ لە هێزی ئەوان فراوانترە، نەخشەكە پێویستی بە سوپایەكی نیزامییە، ئەزموونی رزگاركردنی تكریت ئەمەی بۆ سەلماندووین، حكومەتی عێراق لە دواجاردا هانای بۆ دەستێوەردانی ئەمریكا برد.

شايانى باسه سمێدعى هەروەها گوتی: عەرەب ئەوەندە ئامادە نین دەستێوەردان لە گۆڕەپانی عێراق بكەن، دیارە هەرێمی كوردستانیش مایەی رێز و پێزانینە و پشتیوانیی بەرزی عەرەبە، بەڵام عەرەب لە رووی سەربازییەو ئەوەندە توانایان نییە دەستوەردەنە كێشەی عێراق، لەبەر ئەوەی ئەمریكا لە نێو پرسەكەدایە و لە رووی فەرمییەوە گۆڕەپانی ئەمریكایە، بەڵام لە رووی واقیعەوە گۆڕەپانی هەژموونی ئێرانییە، بۆیە ئەمریكا نەخشە و پلان بۆ عەرەب دادەڕێژێت تا لەم رووەوە دەستتێوەردان بكات، عەرەب ترسیان لە هەناردەكردنی شۆڕشی ئێرانە، تازە لە مەترسیی ئیخوان موسلمین رزگاریان بووە لە میسر و هەرەس پێهێنانی مورسی و دانانی سیسی لە حوكم، تەنانەت میسر زۆر بەهێزە كە دەتوانێت لە ماوەیەكی كەمدا زیاتر لە یەك ملیۆن چەكدار ئامادە بكات و هەمیشە دروشمی سیسی بریتی بووە لە (مسافە السكە) واتا مەودای رێگە و دەگاتە شوێنی مەبەست، لەبەر ئەوە من لەو بڕوایەدا نیم كە مەسەلەكە دەگاتە رووبەڕووبوونەوەی هێز لە ناوچەكەدا، ئەوەی دەكرێت تەنیا لە رێی بۆردومانی ئاسمانییەوەیە، لە كۆتاییدا ئێران دەكشێتەوە بۆ ناوخۆی خۆی و تەنیا لە عێراقدا بوونی دەبێت.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1020)

Top