سەرۆکی هەرێم: لە گەڵ حەیدەر عەبادی بۆچوونمان لێک نزیکبوو
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، حەیدەر عەبادەی سەرۆکی وەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێکی سەربازی و ئەمنی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە گەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە.
دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەی بارزانی و عەبادی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش بەشداریان کرد.
سەرۆکی هەرێم لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە دا گووتی: ئەو سەردانە هەلێکی گرنگ بوو و لە سەر پەیوەندی نیوان بەغدا و هەرێم و پرسەکانی پەیوەست بە وڵات گفتوگۆمان کرد.
بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە گەڵ عەبادی بۆچوونیان لێک نزیکبووە و بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک کە لە بەرژەوەندی ولاتدا بێت گەیشتوونە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن.
حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوەکرد کە چارەنووسی هەموو عێراق لە شەڕی داعشدا یەکە و نە ئێمە و نە هەرێم بەرژەوەندی لەوەدا نییە دەستدرێژی بکرێتە سەر نەینەوا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا گووتی: قۆناغی ڕابردوومان تێپەڕاندووە و زۆر کێشە و گرفتمان لە سەر ڕێگامان لاداوە و هەموو دەرگاکان لە ڕووی سیاسی، ئابووری، ئەمنی، سەربازی و کۆمەلایەتی لە گەڵ هەرێم کراوەن.
