لە مێژووی نوێماندا شتێكی تازەیە بەمجۆرە خەڵكی ئەڵمانیا پشتگیریی پێدانی چەك بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات

لە مێژووی نوێماندا شتێكی تازەیە بەمجۆرە خەڵكی ئەڵمانیا پشتگیریی پێدانی چەك بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر هێنار فۆرتیگ بەڕێوەبەری ئامۆژگای GIGAی ئەڵمانی بۆ گوتى: بەلای كەمەوە لە دوای بەهاری عەرەبییەوە، یان لە ساڵی 2011ـەوە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشێوی تێكەوتووە و پەرەسەندنی بنەڕەتی هاتوونەتە ئاراوە، هاوپەیمانێتی نوێ و یەكێتی نوێ و كەلێنی نوێ دروست بوون. هەروەها پشێوی لە رەوشەكەدا دروست بووە كە ئێستا دەوڵەتە تەقلیدییەكانی وەك عێراق و سووریا چیتر یاریزانی چالاك نین، لەبەر ئەوەی بەلای كەمەوە بەشێكیان لەلایەن هێزەكانی وڵاتانی دیكەوە داگیركراون، بۆ نموونە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی داعشەوە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە ركابەری هەبووە لە نێوان سعودیە و ئێراندا، بەڵام ئێستا مەترسی راستەقینە لە نێوان هەردوو وڵاتەكەدا هەیە، ئەمەش شتێكی زۆر نوێیە. ئێستاش ئەو شەڕەی لە یەمەندا هەیە هەڵكشانێكی دیكەی ئەو ركابەرییەیە كە زۆر كۆنترە.


پڕۆفیسۆر هێنار فۆرتیگ گوتی: سعودیە بە چەند سەعاتێك پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە دژی حوسییەكان لە یەمەن ئەمریكای لێ ئاگادار كردەوە، ئەمە شتێكی زۆر نائاساییە لەبەر ئەوەی پرس و راوێژی بەهێز هەبوو لە نێوان سعودیە و ئەمریكا، هەروەها ئەمە ئاماژەیەكی بەهێزە كە سعودیە زیاتر سەربەخۆیە و بەڕاستی گوێ بۆ راوێژەكانی ئەمریكا ناگرن لەو رووەوە ئەوان خۆیان بڕیار دەدەن و بەشێك نین لە حكومەتی ئەمریكا، یان ناتۆ، یان هەر لایەنێكی دیكە لە رۆژئاوا. ئەوان هەوڵ دەدەن بڕیارێك بدەن كە كاریگەریی راستەقینەی هەبێت، پێموایە حكومەتی سعودیە پتر سەربەخۆیانە هەڵسوكەوت دەكات.

شايانى باسه هێنار فۆرتیگ گوتی: حكومەتی توركیا و ئەردۆغان رۆڵێكی دیاریكراویان هەبووە لە بەهاری عەرەبیدا و لەگەڵ رووخاندنی رژێمەكەی حوسنی موبارەكدا بوون، پشتیوانێكی بەهێزی سەرۆك مورسی و میسری سەردەمی ئیخوان موسلمین بوون. بەڵام دوای رووخانی مورسی و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن سیسی و دەستپێكردنی شەڕ لە دژی ئیخوان موسلمین، هەڵوێستی توركیا گۆڕانكاری بەسەردا هات، لە ئێستاشدا توركیا پشتیوانی و هاوكارییەكی زۆری سعودیە دەكات، لەبەر ئەوەی دوای رووخانی ئیخوان دۆخێك دروستبووە كە بووە هۆی ئەوەی دواتر توركیا بكەوێتە گۆشەگیرییەوە بەهۆی ئەو پشتیوانییانەی بۆ مورسی و ئیخوان موسلمین هەیبوو، ئێستا دەرفەت و هەلێكی باش هەڵكەوتووە بۆ توركیا بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە بۆ شانۆكە و ببێتە هاوپەیمانێكی بەهێزی سعودیە و هاوپەیمانەكانی لە دژی ئێران. بۆ توركیا ئەمە دەرفەتێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێكی گەورە، نەك تەنها تەماشاكاری پەرەسەندنەكان بێت.

لە كۆتایی قسەكانیدا فۆرتیگ گوتی: چەند شوێنێك هەن لە ناوچەكەدا كە بوونەتە جێی ئەولەوییەتی ئەمریكا و باوەڕم وا نییە چیتر سووریا لە سەرووی ئەولەوییاتەكانی ئەمریكاوە بێت. بە دڵنیاییەوە ئێران و گفتوگۆكانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی كە لای ئەمریكا زۆر گرنگە، هەروەها لە یەمەن دەڕوانن و لە داعش لە عێراقدا. لەو رووەوە چیتر ئەسەد لە سەرووی ئەولەوییاتەكانی واشنتۆنەوە نییە لەم كاتەدا.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1020)
Top