ئەگەر ئەمریكا پشتگیری نەكات، سعودیە ناتوانێت سەركردایەتی هاوپەیمانی سەربازی دژی حوسییەكان بكات

ئەگەر ئەمریكا پشتگیری نەكات، سعودیە ناتوانێت سەركردایەتی هاوپەیمانی سەربازی دژی حوسییەكان بكات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر حوسێن باغچی پسپۆڕ لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا بۆ گوتى: لە ئێستادا ئێران راستەوخۆ بەشداری هێزی سەربازی ناكات، بەڵام دەیەوێت بە پشتگیریكردنی ئەم گرووپە كاریگەر بێت. ئەوەی من دەیبینم ئەمریكا و دەوڵەتە عەرەبییەكان نایانەوێت ئێران لە ناوچەكەدا كاریگەر بێت. هەر بۆیە بە خێرایی هێرشەكان دەستیپێكرد بە سەرۆكایەتی سعودیە، بەڵام بە پشتگیری ئەمریكا. چونكە بێ ئاگاداری ئەمریكا سعودیە ناتوانێت هەنگاوێكی وا بنێت، هەموو هەنگاوێكی هێرشەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەمریكاوە ئەنجام دەدرێت و بنكەی سەربازی شەشەمی ئەمریكا لە دەوحەیە. بەڵام وا پیشان دەدرێت كە سعودیە سەرپەرشتی دەكات.


حوسێن باغچى هەروەها گوتی: پێموایە ئەسەد لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە، چونكە لە ئێستادا ئەسەد لە پلەی سەرۆك دەوڵەتێكە كە رووبەڕووی گرووپە توندڕەوەكان دەبێتەوە. بە پێچەوانەوە ئەسەد بەهێزتر بووە. راستە توانای زۆری لەدەست دا، بەڵام دووبارە دەستی هێرش و لێدانی گرووپەكانی داعش و بەرەی نوسرەی كردۆتەوە. بەتایبەتی كە چەند لایەنێك یارمەتی دەدەن وەك رووسیا و چین و هیندستان. بۆیە بەشار ئەسەد تەنیا نییە. لە لایەكی تریشەوە ئەو دەوڵەتە عەرەبییانەی دژی ئەسەدن زۆر نین. لە ئێستادا پەیوەندی نێوان سووریا و میسر زۆر باشە. ئەوەی لێی قەوماوە توركیایە، چونكە دواتر عەرەبەكان لەگەڵ ئێران دەكەونە رێككەوتن و توركیاش لە دەرەوە دەمێنێتەوە. بۆیە توركیا دەبێت زۆر بە حەزەر بێت. لە دوای ئەم خاڵەدا توركیا هیچ دەرفەتێكی نییە بۆ ئەوەی لە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداربێت. ئەوەی كە قەدەری ناوچەكە دیاری دەكات، ئێران و سعودیە و میسر دەبن.

شايانى باسه باغچى هەروەها گوتی: دژایەتیكردنی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەكان لە سەروویانەوە ئیخوان، ئامانجی هاوبەشی هەندێك وڵاتی عەرەبی و رۆژئاوایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەبەر ئەمە لە رۆژانی داهاتوودا رێككەوتنی نوێ و كارەكتەری نوێ سەرهەڵدەدات لە ناوچەكەدا. بەڵام ناوچەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەمریكا و رۆژئاوا بەردەوام دەبێت. هەر هێرشێكی سەربازی بكرێت، بە یارمەتی هێزە هاوپەیمانەكان دەبێت. لەبەر ئەوە حوسییەكان لە یەمەن بە هیچ شێوەیەك سەرناكەون، چونكە باس لە سوپایەكی 100 هەزار كەسی دەكرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی سوپایەكی هاوبەشی عەرەبی كە كاریگەری ئێران لە ناوچەكەدا كەم دەكاتەوە. ئێران پشتگیری حزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەكانی لە یەمەن كردووە. ئەمەش واتە پشتگیری گرووپە توندڕەوەكان دەكات، لەلایەكی دیكەشەوە لە سووریا پشتگیری لە ئەسەد دەكرد دژی گرووپە توندڕەوەكان، ئەمەش دوو هەڵوێستی پێچەوانەی یەكە.

حوسێن هەروەها گوتی: توركیا هەڵوێستی خۆی دیاریكردووە بەوەی پشتگیری لێدانی چەكدارانی حوسی دەكات لە یەمەن، بەڵام توركیا بەتەنها هیچی پێناكرێت، پرسەكە زیاتر لە نێوان سعودیە و ئێران و ئەمریكادایە، لەمەش زیاتر توركیا ئەگەر بیەوێت سەرباز رەوانەی ئەو شەڕە بكات، دیارە ئەوە پێویستی بە بڕیاری پەرلەمانی توركیا هەیە، بەڵام لەسەر مەسەلەی داعش ئەردۆگان خۆی دوورخستەوە لەوەی بڕیارێكی بەپەلە بدات، ئاگادارن لە سەرەتاوە 49 دیپلۆماتكاری توركی لە كونسوڵخانەی توركیا لە موسڵ لەلایەن داعشەوە دەستبەسەر كران، بۆیە دەبوو توركیا لە مەسەلەی داعش بە حەزەرەوە هەنگاو هەڵبگرێت، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی سیاسەتی توركیا بخوێننەوە توركیا هەڵوێستی بەرامبەر بە داعش بەوجۆرە نییە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1020)
Top