سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان دەكات
4ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كاردینال فێرناندۆ فیلۆنی نوێنەری تایبەتی قەداسەتی پاپای ڤاتیكان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە باڵیۆز جۆرج لینکوا، پاتریاک لویس ساکۆ، مەتڕان بەشار مەتی وەردە، مەتران نیقادیمۆس مەتی شەرەف، خالد جەمال ئەلبێر و قەشە بەهنام بینۆکا.

لە سەرەتای دیدارەکەدا نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ڕێز و سڵاوی تایبەتی قەداسەتی پاپای پێشكەشی سەرۆك بارزانی كرد. نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سوپاسی سەرۆك بارزانی و حکومەت و گەلی كوردستانی كرد كە باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوان كردووەتەوە و بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی هەموویان دەپارێزن و خزمەتگوازارییان پێشکەش کردوون و ئەوەی بە نیشانەی دڵفراوانی و بڕوابوونی کوردستان بە بەها بەرزەکانی پێکەوەژیان و هاوکاری لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند کە لە سەردانیدا بۆلای ئاوارە کریستیانەکان ئەوەی بینیوە کە هەموویان زۆر سوپاسگوزارن بۆ ئەو بەدەنگەوەهاتن و هاوکارییانەی ئێوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە مرۆییەکان.

نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان لە درێژەی قسەكانی خۆیدا سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد و ڕایگەیاند: داوا لە بەڕێزتان دەکەم سوپاس و سڵاوی ئێمە و قەداسەتی پاپا بگەیەننە پێشمەرگەکان کە گیانی خۆیان خۆیان بەخت دەکەن بۆ پاراستنی ژیانی کەسانی دیکە و پێزانینمان هەیە بۆ ئەو ڕۆڵە ئازایانەیەی پێشمەرگە لە پاراستنی ئاوارە و لێقەوماوان و ئەوەی پێشمەرگە کردی تەنیا بەو کەسانە دەکرێت کە بڕیاریان داوە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی خەڵک تەرخان بکەن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا پێشمەرگە لە سەر ئاستی هەموو جیهان بووەتە سیمبوڵی خۆڕاگری و گیانفیدایی لەپێناو ئازادی، چونکە شەڕی پێشمەرگە شەڕێک نییە بۆ داگیرکاری، بەڵکوو شەڕێكە لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵکی تر و پاراستنی ئازادی و پێکەوەژیان و بۆ بەختەوەریی خەڵکە.

نوێنەری تایبەتی قەداسەتی پاپای ڤاتیكان ڕایگەیاند: کاتێک لە سەرەتای پەلاماری تیرۆریستان هاتمە کوردستان، ڕەوشەکە زۆر خراپ بوو، خۆشحاڵم کە دەبینم ئەمجارە پێشکەوتنی بەرچاو هەیە، وێڕای ئەوەی پێشمەرگە لەم شەڕەدا چەکی باشیان بەدەستەوە نەبوو بەڵام بیروهۆش و توانایان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی و ئازادی و پاراستنی ژیانی خەڵکی تر تەرخان کرد و بەوهۆیەوە پێشمەرگە سەرکەوت و ئێستا ئاوارەکان دوورن لە مەترسی.

هەر لە دیدارەکەدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرد کە لەهەموو بۆنەکاندا پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی کریستیانەکان و پێکهاتە ئاینییەکانی دیکە دەکات و ئەوەیان بە نیشانەی بەشداریی سەرۆک لە خۆشی و ناخۆشییەکانی ئەو پێکهاتانە لەقەڵەم دا کە دەبێتە مایەی زیاتر پتەوکردنی بنەماکانی پێکەوەژیان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی نوێنەری قەداسەتی پاپای ڤاتیكان و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی قەداسەتی پاپای كرد و دڵنیای کردەوە کە پەیامەکەیان دەگاتە پێشمەرگەکانی کوردستان. سەبارەت بە هەڕەشەی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند: لە سەردانی پێشووتاندا بۆ کوردستان کە سەرەتای پەلاماری تیرۆریستان بوو بە ئێوەم گوت کە یان هەموومان پێکەوە دەمرین یان تیرۆریستان تێک دەشکێنین و ئاوارەکان بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە ماڵی خۆیان، ئێستا دەبینین کە پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی تێک شکاند و سەرکەوتنی زۆر گەورە تۆمارکران و بەشێکی زۆر لەناوچە داگیرکراوەکان ئازاد کران و دڵنیشاتان دەکەمەوە تیرۆریستان هیچ داهاتوویەکیان لەم وڵاتەدا نییە و ئاوارەکان بەسەربەرزی دەگەڕێنەوە ماڵی خۆیان.

سەرۆک بارزانی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند کە جارێکی دیکە لەڕێگەی ئێوەوە داوا لە خوشك و برا مەسیحییەكان دەکەم بیر لە كۆچ و جێهێشتنی وڵاتیان نەكەنەوە و دڵنیای کردنەوە کە ئێستا تیرۆریستان زۆر لاوازبوونە و دوای وەدەرنانی تیرۆریستانیش داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ناوچەکە دەکات و هەرگیز جارێکی تر ڕێگە نادەین ژیانیان بکەوێتە بەر مەترسی.

سەرۆك بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە بە ماڵێکی ئارام و نەوای سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکان دەمێنێتەوە.

سەرۆك بارزانی لە كۆتایی دیدارەكەدا بەبۆنەی جەژنی قیامەوە لە ڕێگەی شاندی میوانەوە پیرۆزبایی خۆی پێشکەشی کریستیانەکانی کوردستان و عێراق و سەرجەم جیهان کرد و سڵاو و ڕێزی تایبەتی خۆی بۆ قەداسەتی پاپا نیشان دا و ڕایگەیاند كە لەوە دڵنیا بێت ئێمە خوشك و براكانمان لە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان دەپارێزین.

Top