ئەشواق جاف: بەغدا دەبێت نیازپاكی دەربخات و هەڵەی حكوومەتی رابردوو دووبارە نەكاتەوە
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئەشواق جاف) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، دوای ناردنی بڕەپارەیەك لەلایەن بەغداوە، بڕیارە ڕێژەی ناردنی بوودجە لە بەغدا بەردەوام بێت بەپێی ئەو بڕەنەوتەی هەرێمی كوردستان رادەستی بەغدای دەكات.
گوتیشی: "كاری جیددیمان كردووە بۆ ئەوەی بۆ بە غدای بسەلمێنین پابەندین بە ڕێككەوتنەكەوە، چونكە ڕێژەی هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان زۆر زیادی كردووە، بۆیە بەغدایش دەبێت نیازپاكیی ئەوەمان بۆ دەربخات كە هەڵەی حكوومەتی رابردوو دووبارە ناكاتەوە".
(جاف) دەشڵێت: "وەك هەرێمی كوردستان نەك تەنیا داوای مافی خۆمان لە ڕێككەوتنەكەدا دەكەین، بەڵكە دەبێ سەرجەم ئەو پارانەیش كە هیی كوردستان بوون و بەغدا گلی داونەتەوە، بدرێنەوە هەرێم".
پێوەست بە كاریگەریی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدایش ئاماژەی دا، ئەم دیدار و گفتوگۆیانە دۆخەكە باشتر دەكەن، بۆ ئەوەی ڕێككەوتنەكە بە تەواوی بچێتە بواری پڕاكتیكەوە.
