سێ ناوچەی کۆبانێ دەبنە مۆزەخانە

 سێ ناوچەی کۆبانێ دەبنە مۆزەخانە
هیچ کام لە هاونیشتیمانیانی پارچەکانی کوردستان خوازیاری ئەوەنەبوون ببینن کۆبانێ بووەتە وێرانە، بەڵام دوای زیاتر لە چوار مانگ بەرخودان و بەرگریکرد لەو شارە، بڕیاردرا سێ ناوچەی ئەو شارە بکرێنە مۆزەخانەی سەرئاوەڵا.

گفتوگۆکانی نێو کۆبوونەوەکە چڕن، دەیانەوێ بگەنە بڕیارێک کە هەموویان لەسەری کۆکبن، دواجار لەسەر داوای خەڵکی کۆبانێ بڕیاردرا سێ ناوچەی ئەو شارە وەک مۆزەخانە بهێڵرێنەوە و دەستیش بە نۆژەنکردنەوەی ناوچەکانی دیکە بکرێت.

مستەفا حەنیفی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا ENKS یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناوچەی یەکەم مەیدانی ئێکسپرێس، ناوەندی کولتوور و هونەر و ناوچەکانی دەوروبەری دەگرێتەوە.

ناوچەی دووەم: بارەگای ناوەندی هێزەکانی ئاساییش، بینای دادگای خەڵک و ئەنجوومەنی یاسادانان و دامەزراوەکانی دەوروبەری و کۆڵانی شارەوانی و قوتابخانەی ئەلخەنسای و پارکەکەی نزیکی لەخۆدەگرێت.

ناوچەی سێیەم: بازاڕی سەوزەفرۆشی و بەشی رۆژئاوارەکەی و تاوەکو دەگاتە مزگەوتی حاج رەشید پێکدەهێنێ.

حەنیفی، بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆبانێ جەختی لەسەر پێویستی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان کورد کردەوە و گوتی: "ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەکە دراون، لە کۆنفرانسی 2-3 ی نیسان کە لە ئامەد بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆبانێ بەڕێوەدەچێت یەکلاییدەکرێنەوە.

ئیبراهیم کوردۆ، وەزیری دەرەوەی کانتۆنی کۆبانێ، بە رووداوی گوت: "هەموو لایەنەکان لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون کە بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆبانێ سازکرا".

هەروەها کوردۆ لەبارەی چۆنیەتی بڕیاردان لەسەر دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی دەکرێنە مۆزەخانە گوتی: "لەبارەی شوێنی مۆزەخانەکە بۆچوونی جیاواز هەبوون، بەڵام دواجار بڕیار لەسەر ئەوە درا کە سێ ناوچەی کۆبانێ بکرێتە مۆزەخانە".

چەکدارانی داعش لە 15/09/2014 هێرشیان کردە سەر کۆبانێ و جگە لەداگیرکردنی گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە کوردییە، بەشێک لە کۆبانێشیان بۆ ماوەی 4 مانگ داگیرکرد، بەڵام دواتر هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هانای یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ چوون و بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان توانیان لە 26 ی کانوونی دووەمی 2015 داعش بەتەواوی لە کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری وەدەربنێن.







رووداو
Top