داعش لە وەردەک هێرشی کردەوە
موقەدەم سەربەست مەنتک، بەرپرسی عەمەلیاتی سوپای 5 -ی زێرەڤانی رایگەیاند:" داعش شەوی رابردوو، هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە گوندی وەردەک لە میحوەری خازر، بەڵام لەلایەن پێشمەرگە و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە تووندی وەڵامیان درایەوە".
موقەدەم سەربەست مەنتک، سەبارەت بە زیانەکانی داعش لە شەڕەکەدا بە رووداوی گوت " ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش کوژراون و تەرمی 5 لەو چەکدارە کوژراوانەی داعش لە دەستی ئێمەدان".
ئەو بەرپرسەی هێزەکانی زێرەڤانی، سەبارەت بە شێوازی هێرشەکە، گوتی " داعش دوو شۆڤڵی زرێپۆشی لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ پڕکردنەوەی ئەو حەفرانەی پێشمەرگە لێیداون، بەڵام ئێمە رووبەڕوویان بووینەوە و دوای 40 خولەکێکیش فڕۆکەکانی هاوپەیمانان گەیشتنە سەر ئاسمانی ناوچەکە و دەستیان کرد بە بۆردوومانیان، ئەو دوو شۆڤڵەش، کە داعش هێنابوونی بەجێماون، جگە لە چەکی SPG 9 و BKC".
بەبڕوای بەرپرسی عەمەلیاتی سوپای 5 زێرەڤانی، داعش لەبەرئەوە ئەو هێرشەی بۆ میحوەرەکەی ئەوان هێناوە، چونکە ئەگەر لە سەنگەرەکەی ئەوان دەربازبن، ئەوا لە ماوەیەکی کورتتدا دەتوانن بگەنە رێگای سەرەکی هەولێر- دهۆک".
ئەو موشەکانەی بەیانی رۆژی 15ی ئاداری رابردووش ئاڕاستەی شاری ھەولێر کران و لەنزیک شەقامی ١٢٠ مەتری کەوتنەخوارەوە، لە گوندی وەردەکەوە لەلایەن داعشەوە هاوێژرابوون.
رووداو
