مەسیحیەكان داوای ناوچەیەكی ئارام لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن

مەسیحیەكان داوای ناوچەیەكی ئارام لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن
ئەمڕۆ بە بەشداری ژمارەیەك هێزو لایەنی سیاسیی و سەدان كەس لەهاونیشتمانانی مەسیحی لەهەرێمی كوردستان، گردبونەوەیەك بۆ بەردەم بارەگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەهەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا بەشداربوانی گردبونەوەكە داواكاری زوو ئازادكردنی ناوچەكانیان، هێنانەئارای ناوچەیەكی ئارام بۆ مەسیحیەكان دەكەن.

رۆمیۆ هەكاری سكرتێری حزبی بەیت نەهرین كە یەكێكن لە سەرپەرشتیارانی گردبونەوەكە راگەیاند، كەمێك لەمەوبەر بە بەشداری دەیان لەهێزو لایەنە سیاسییە كڵدان و سڕیان و ئاشورییەكان و سەدان لەهاونیشتمانمان گردبونەوەیەكمان لەبەردەم بارەگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەهەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، بڕیار وایە كەمێكی تر چەند كەسێك لەئێمە لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەهەرێمی كوردستان كۆببینەوە بۆ ئەوەی داواكاری مەسیحیەكانیان پێ بدەین كە لە چوار چیوەی یاداشتێكدا كورتكراوەتەوە.

ئاماژەیبەوەشدا، داوا دەكەین نەتەوە یەكگرتووەكان رۆڵی زیاتری هەبێ لەباشتركردنی ژیانی هاووڵاتیانی مەسیحی كە بە هۆی هێرشەكانی داعش روویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، هەروەها رۆڵ ببینن لەوەی وڵاتانی دنیا زیاتر لەئێستە هاوكاری پێشكەش بە مەسیحیەكان بكەن، هەروەها داوامان كردووە لەدوای ئازادكردنەوەی ناوچەیەكی ئارام لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان و كۆمەڵگەی ناودەوڵەتی لەدەشتی پارێزگەی موسڵ كە زۆرینەی مەسیحیەكانی لێ نیشتەجێن دابمەزڕێنن.
Top