پێکهاتەی مەسیحیەکان: ستاییشی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین و متمانەمان بە پێشمەرگە هەیە

پێکهاتەی مەسیحیەکان: ستاییشی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین و متمانەمان بە پێشمەرگە هەیە
دوای ئەو پەیامە مێژووییەی سەرۆک بارزانی کە ئاراستەی مەسیحییەکانی کرد و دڵنیای پێدان کە پێشمەرگە سەرو ماڵیان دەپارێزێت، جا بۆیە کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات نەکەن، پەرلەمانتارێکی مەسیحی بەناوی پیکهاتەی مەسیحییەکانەوە دەڵێ، پڕ بە دڵ ستاییشی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکەن و رایدەگەینین کە متمانەی تەواویان بە پێشمەرگە هەیە کە دەیانپارێزیت هەروەک هەمیشە پێشمەرگە ئەوانی پاراستووە.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا بە بۆنەی سەری ساڵی ئاشووری بابلی و جەژنەکانی ئەکیتۆ، پیرۆزباییەکی گەرمی ئاراستەی خوشک و برا ئاشووری و کلدانی و سریانییەکانی کوردستان و عێراق و جیھان کرد و (سەرۆک بارزانی) جارێکی دیکە داوا لە ئاشووری کلدانی سریانییەکان دەکات، بیر لە بەجێھێشتنی وڵات نەکەنەوە و، دڵنیایان دەکاتەوە کە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان وەک چۆن ئێستا تیرۆریستان تێک دەشکێنن و زۆربەی ناوچە داگیرکراوەکانیان لە دوژمنانی مرۆڤایەتی پاک کردووەتەوە و بەرگرییان لە ھەموو پێکھاتەکانی ناوچە ئازادکراوەکان کردووە، لە داھاتوویشدا ھەروا کوردستان و سەروماڵی ئێوە و ھەموو ھاونیشتیمانیان دەپارێزێت، لەبەرانبەردا نوێنەرێکی پێکھاتەی مەسیحی لەپەرلەمانی کوردستان بەناوی مەسیحییەکانەوە ستاییشی ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی دەکات و دەڵێت، ئێمە پشتگیری و سوپاسی ئەو پەیامە دەکەین.

نوێنەری پێکھاتەی مەسیحی لەپەرلەمانی کوردستان (وەحیدە یاقوو ھورمز) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئێمە پشتگیری لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین پڕ بە دڵ ستاییشی ئەو پەیامە دەکەین کە داوا دەکات مەسیحیەکان کۆچ نەکەن، چونکە ئێمەش لەگەڵ ئەوەدانین لەبەر داعش ماڵەکانیان جێبھێڵن و کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی وڵات.
(وەحیدە یاقوو ھورمز)گوتیشی،ھێزی پێشمەرگە ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی دەپارێزیت و بڕوای تەواویشمان بەو ھێزە ھەیە، چونکە لەئێستادا پێشمەرگەیە ئێمە دەپارێزیت و رێگە نادات تیرۆریستانی داعش بگەنە لامان هەروەک چۆن هەمیشە پێشمەرگە ئێمەیشی پاراستووە.
ڕوونیشی کردەوە، ئەوانەی کۆچ دەکەن زیاتر ئەوانەن لەسنووری پارێزگای مووسڵ بوونە و ئەوانەی کوردستان کۆچ ناکەن و بەئارامی دەژین؛ هەڵبەت ئەوانەی کە ماون و خەڵکی دەشتی مووسڵن چاوەڕێ دەکەن پێشمەرگە ناوچەکانیان ئازاد بکاتەوە و بگەرێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان .
Top