سه‌رۆك بارزانی: هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه نه‌وایه‌كی ئارام و ماڵی هه‌موو لێقه‌وماوانه
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی ئاشووری بابلی و جه‌ژنه‌كانی ئه‌كیتۆ، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی خوشك و برا ئاشووری و كلدانی و سریانییه‌كانی كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌م.
ئه‌مساڵ له‌كاتێكدا به‌شداریی له‌و جه‌ژنه‌ی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین كه گه‌له‌كه‌مان به هه‌موو پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانییه‌وه به‌ورڕووی شه‌ڕێكی داسه‌پاوی تیرۆریستانی دڕنده و هه‌ڵگرانی بیری نكۆڵیكاری و شۆڤینیزم بۆته‌وه و به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر له خوشك و برایانی كریستیانی پارێزگای موسڵ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه‌ی ئه‌و پارێزگایه ناچار بوونه ماڵ و موڵكی خۆیان به‌جێ بهێڵن و ڕوو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك هه‌میشه نه‌وایه‌كی ئارام و ماڵی هه‌موو لێقه‌وماوانه و ئه‌و به‌ها به‌رزانه‌ی گه‌له‌كه‌مان له هه‌موو ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بۆته جێی ستایش و پێ‌زانین.
لێره‌وه جارێكی دیكه داوا ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م بیر له به‌جێهێشتنی وڵات نه‌كه‌نه‌وه و دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه كه پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستان وه‌ك چۆن ئێستا تیرۆریستان تێك ده‌شكێنن و زۆربه‌ی ناوچه‌داگیركراوه‌كانیان له دوژمنانی مرۆڤایه‌تی پاك كردۆته‌وه و به‌رگرییان له هه‌موو پێكهاته‌كانی ناوچه ئازادكراوه‌كان كردووه، له داهاتوویشدا هه‌روا كوردستان سه‌روماڵی ئێوه و هه‌موو هاونیشتیمانییان ده‌پارێزێت و تیرۆریستانیش هیچ داهاتوویه‌كیان نییه و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناچاربوونه ناوچه‌كانی خۆیان به‌جێ بهێڵن، به سه‌ربه‌رزی ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و موڵكی خۆیان.
هیوادارم ئێوه‌ی ئازیز هه‌موو ساڵێك له‌ژێر سایه‌ی ئارامی و ئاسووده‌ییدا جه‌ژن و شادییه‌كانتان به‌خۆشی بگێڕن.
مسعود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
31/3/2015
