بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی هەرێم پاسەوانی بەرپرسان كەم دەكرێنەوەو چاكسازی تێدا دەكرێت

بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی هەرێم پاسەوانی بەرپرسان كەم دەكرێنەوەو چاكسازی تێدا دەكرێت
بە گوتەی راوێژكاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بە فەرمانی سەرۆكایەتی هەرێم لیژنەیەكی چاكسازی بۆ كەمكردنەوە و رێكخستنی پاسەوانی بەرپرسان پێكهێندراوەو ئەوەی دەوام نەكات مووچەكەی دەبڕدرێـت.

بێستوون فایەق ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆران بە (باس)ی گووت: زانیاریمان هەیە نزیكی ٦٠ هەزار پاسەوانی بەرپرسان هەیە و دەوام ناكەن و مووچە وەردەگرن، مامۆستای ئایینی و رۆژنامەنوس و حزبە بچووكەكانیش پاسەوانیان هەیە.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: دەبێت چاكسازییەكی گەورە لە پاسەوانی بەرپرسان بكرێت و چیتر بودجە بۆ ئەو مەبەستە بە‌فیرۆ نەدرێت، ئەو پاسەوانانە میلاكی وەزارەتی دارایی نین، بەڵكو میلاكی وەزارەتی ناوخۆن و مووچە لەوێ وەردەگرن، دارایی ناتوانێت مووچەكانیان ببڕێت دەبێت وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بكات.

بە گوتەی بێستوون فایەق، ئەو ٦٠ هەزار پاسەوانە بە قەد مووچەی سێ چوار وەزارەت مووچە و بودجە وەردەرگرن، مامۆستای ئاینی هەیە ١٢ پاسەوانی هەیە، رۆژنامەنوس هەیە ١٠ بۆ ٢٠ پاسەوانی بۆ داندراوە، بۆیە دەبێت ئەو دۆسیەیە كە بارگرانییەكی زۆرە لەسەر حكوومەت چاكسازی تێدا بكرێ.

لە ساڵی ٢٠١٢ بە بڕیاری لیژنەی چاكسازی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان زۆرێك لە پاسەوانی بەرپرسان كەمكرایەوە.

حاكم ئازاد مەلا فەندی ئەندامی ئەوكاتی لیژنەی چاكسازی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، لیژنەكەمان دوای چەند مانگێك كاركردن لەسەر پرسی پاسەوانی بەرپرسان زۆرینەی پاسەوانەكانی كەمكردەوە، ئێستاش ئەو پرسە پێوەندی بە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە هەیە دەبێت لەوان پرسیار بكرێت.

بەپێی راپۆرتی لیژنەی چاكسازی سەرۆكایەتی هەرێم كە رۆژی 11/3//2012 بڵاوبۆتەوە ئاماژەی بەوەداوە پاسەوانی هەموو ئەو بەرپرسانە ئیلغا كراونەتەوە كە "لە ژیاندا نەماون یان لە دەرەوەن یان لە بەغدا و لە هەرێم مووچە وەردەگرن "لیژنەكە ئاشكرایكردووە زۆر لەو پاسەوانانە وەهمین و بەرپرسان مووچەكانیان گلدەدەنەوە".

یوا بەختیار بابان راوێژكاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی رایگەیاند، لیژنەیەكی باڵا پێكهێندراوە بۆ كەمكردنەوەی پاسەوانی بەرپرسان و لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی باڵا لە فەرماندەی زێرەڤانی و وەزارەتی ناوخۆ پێكهێندراوە بۆ كەمكردنەوە و رێكخستنی پاسەوانی بەرپرسان، ئامار و جەردكراوە و هەفتەی داهاتوو كارەكانی لیژنەكە تەواو دەبێت.

بەختیار بابان ئاماژەی بەوەشدا، كاتی خۆی بە‌پێی رێنماییەكانی لیژنەی چاكسازی سەرۆكایەتی هەرێم پاسەوانی بەرپرسەكان دیاریكرا بوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخ و هەبوونی واستە وەكو خۆی جێبەجێ نەكرا، بەڵام ئەمجارە بڕیارێكی كۆتایی دراوە لە سەرۆكایەتی هەرێم كە دەبێت بەپێی رێنمایی پاسەوانی بەرپرسان داندرێت ئەوەی كە ناتوانێت دەوام بكات دەبێت مووچەكەی ببڕدرێت.

پێشووتر بڕیاردرا بوو بەشێك لە بەرپرسەكان پاسەوانەكانیان بەم شیوەیە بێت"پاسەوانی وەزیرەكان لە هەشت پاسەوانەوە بكرێتە شەش پاسەوان، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەتیش هەریەكەیان ٤٠ پاسەوانیان دەبێت، لە دوای خانەنشینی هەشت پاسەوانیان لە گەڵ دەمێنێتەوە و جێگرەكانیان ٢٠ پاسەوانیان دەبێت كە لە دوای خانەنشینكردنیان چوار پاسەوانیان لە گەڵ دەمێنێتەوە، پەرلەمانتارانیش دوو پاسەوان و بارەگاكانی لق و مەڵبندەكانی سەر بە یەكێتی و پارتیش ٢٥ پاسەوان و بەرپرسی لق و مەڵبەندیش هەشت پاسەوانیان دەبێـت.

سەبارەت بە هەبوونی ٦٠ هەزار پاسەوانی بەرپرسان، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ ژمارەكەی پشتراستركردەو گووتی: 60 هەزار پاسەوان هەیە، لە هەولێر و دهۆك سەر بە زێرەڤانین، لە سلێمانیش سەر بە بەرگریی و فریاكەوتنن، كارەكانی ئەو لیژنەیە بۆ ئەوەیە تاوەكو كۆتایی بە ژمارەی زۆر و دەوام نەكردنی پاسەوانەكان بهێنێت.

بابان ئاماژە بە بروسكەیەكی لیژنەی كەمكردنەوە و رێكخستنی پاسەوانی بەرپرسان دەكات" لە بروسكەكە دا هاتووە، تاوەكو كارەكانی لیژنەكە تەواو نەبێت مووچەی پاسەوانەكان خەرج نەكرێت".
Top