دەبێت نەتەوە یەكگرتووەكان لە چوارچێوەی بنەمای بەرپرسیاریەتی پاراستن، تاوانەكانی داعش وەك تاوانی دژی مرۆڤایەتی بناسێنێت

دەبێت نەتەوە یەكگرتووەكان لە چوارچێوەی بنەمای بەرپرسیاریەتی پاراستن، تاوانەكانی داعش وەك تاوانی دژی مرۆڤایەتی بناسێنێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ولیام شاباس پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی بۆ تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بۆ گوتى: ئاشكرایە بە هۆی ئەو رەفتارانەی تیرۆریستانی داعش ئەنجامیانداوە بارودۆخەكە ئاڵۆز و خراپتر بووە، ئەوەی هەتا ئێستا لەسەر تاوانەكانی ئەم گرووپە گوتراون، هەموو لایەنەكانیان ئاشكرا كردووە، بۆیە من لەوانەیە شتێكی زیاترم نەبێت لەوەی تا ئێستا گوتراوە، ئەوەی من بەدواداچوونم لەسەر كردووە، ئەو راپۆرت و هەوڵانەن كە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاویان كردۆتەوە، لەوانەیە لایەنی پەیوەندیدار لە بەریتانیا كاری دیكە بكەن، بەڵام ئەوەی داعشییەكان كردوویانە رەفتارگەلێكە دژ بە هەموو مرۆڤایەتی و بێجگە لەو رەفتارە دڕندانانەی پێشتر دژی مافی مرۆڤ ئەنجامیانداوە، بەم دواییە كەوتنە تێكدان و رووخانی شوێنەوارە دێرینەكان و شكاندنی مۆنمێتە دێرینەكان.

هەروەها ولیام شاباس گوتی: رەنگە بكرێت بە دوو شێوە وڵاتێكی وەك بەریتانیا رۆڵ ببینێت، یەكەمیان كاركردنە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی لە چوارچێوەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بۆ گرتنەبەری كردەوەگەلێك بە ئامانجی چارەسەركردنی ئەو كێشانە، بە دڵنیاییەوە تەحەددییەكە ئەوەیە كاری سوودبەخش و كاری بنیاتنەر چی دەبێت و ئەوەش كاری كەسانی دیپلۆماتكار و تایبەتمەندەكانە كە ئەوە دیاری بكەن، من لێرەدا راسپاردەیەكی دیاریكراوم نییە جگە لەو موناقەشانەی دەكرێن، لەبەر ئەوەی كێشەی گەورەی عەمەلی هەن، ئەوە ئاستەنگەكەیە و ئەوە دژوارییەكەیە، بەڵام بنەماكە ئەوەیە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی لە رێی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بكرێت. مەسەلەكەی دیكە بریتییە لە دادگاییكردنی ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی كە روو دەدەن. ئەمەش بە دامەزراوەیەكی وەك دادگای نێودەوڵەتی تاوان دەكرێت، كە دەبێت دەسەڵاتی پێبدرێت- بۆ ئەنجامدانی ئەو دادگاییكردنە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئایا وڵاتان ئەم دەسەڵاتەی پێدەدەن. ئەمانە دوو بوارن كە دەكرێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشداربن و ئومێدەكە ئەوەیە ڕۆڵێكی بنیادنەر ببینن بۆ باشتركردنی بارودۆخەكە.

شايانى باسه شاباس گوتی: یەكێك لە شێوازەكانى دادگای نێودەوڵەتی تاوان بریتییە لە بەرپرسیارێتی پاراستن كرد و ئەنجامدانی كردەوەی سەربازیش دەگرێتەوە كە بە دڵنیاییەوە دەبێت رەزامەندی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەسەر بێت. هەروەها دەكرێت دادگای نێودەوڵەتی تاوانیش میكانیزمێكی كارابێت بۆ رووبەڕبوونەوەی ئەو كەسانەی هەڵدەستن بە ئەنجامدانی تاوانە نێودەوڵەتییەكان، یان ئەوانەی بیر لە ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی دەكەنەوە. ئەمانە هەندێ لە میكانیزم و تەكنیك و شێوازەكانن، دەكرێت ئەمانە یارمەتیدەر بن، بەڵام ئاشكرایە ئەمە دۆخێكی ئاڵۆزە و ناوچەكە پڕ لە كێشە و دژوارییە. لەبەر ئەوە پێموا نییە چارەسەرێكی روونی موعجیزەئاسا هەبێت كە لە مانگەكانی داهاتوودا دۆخەكە چارەسەر بكات، بەڵام گرنگ دەستنیشانكردنی ئەوەیە كە لە كوێوە دەستپێبكەین كە ئەو شێوازەی ئاماژەم پێكردن بە گونجاو دێنە بەرچاو بۆ ئەوەی بكرێنەخاڵی دەستپێك.

لە كۆتایی قسەكانیدا ولیام گوتی: چەندین رێوشوێن گیراونەتەبەر لە بەرامبەر ئەوانەی رۆیشتوون شەڕیان بۆ داعش كردووە، یان یارمەتی داعشیان داوە. چونكە نیگەرانییەكی گەورە هەیە لەوەی ئەگەر ئەو كەسانە بگەڕێنەوە ئەوا كاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن لە بەریتانیا، یاخود لە فەڕەنسا و شوێنەكانی دیكە. راستە تیرۆریستان دیموكراسیەتێكی بەهێز و رژێمێكی گەشەكردوو لە ئەمریكا و ئەوروپا بەدی دەكەن، بەڵام ئەو خاكە بەپیت نابێت بۆ ئەو جۆرە گوتار و رەفتارانە بە شێوەی ئەوەی لە بەشێكی عێراق و سووریادا دەیكەن. رەنگە بتوانن هەندێ كێشە بخوڵقێنن، چونكە هەمیشە تیرۆریستە دابڕاوەكان راددەیەك لە كێشە دروستدەكەن، تا ئەوكاتەی دەستگیر دەكرێن، بەڵام زۆر زەحمەتە كە پێشبینیان بكەین و مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین، بەڵام دەسەڵات چاودێرییان دەكات و هەوڵدەدات ئەوەندەی دەكرێت چاوكراوەتر بێت، لەبەر ئەوەی تیرۆریستان بە راددەیەكی زۆر لە دیموكراسییەتێكی جێگیر دابڕاون، بەڵام ئەوان ناتوانن لە ناوی ببەن بەهۆی كاری تیرۆریستی دابڕاوەوە، رەنگە هەندێ قوربانی بێتە ئاراوە رەنگە هەندێ پشێوی دروست بكەن، بەڵام رژێمە دیموكراسییە بەهێزەكان هاوسۆزی تیرۆریستان نین بۆ ئەوەی ئەم جۆرە توندڕەوەی و تیرۆرە بمێنێت، من قەناعەتم بەمە هەیە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1019)
Top