ئیسرائیل داوا لە جیهان دەكات پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان بكەن
زۆرینەی نوێنەرانی وڵاتانی ئامادەبووی كۆبوونەوەكە باسی كوردیان وەكو هێزێكی سەرەكی لە شەڕی دژە داعش دەكرد و كورد باسێكی سەرەكی ئەو دیدارە دیپلۆماسییە ئاستبەرزەی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو.
سەرحەد سەردار، دیپلۆماتكاری عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت كە "لە ساڵی 1991 ەوە لە هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەندی ئاسایشی نێوەدەوڵەتدا ئەوەندە باسی كورد نەكراوە، ئەمڕۆ رۆژی كورد بوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان".
ڤیان ئەنجوومەنی ئاسایشی هێنایە گریان
بەڵام نەك تەنها باسی كورد كرا، بەڵكو ئەو كارەساتانەی بەسەر كەمە ئایینەكانی كورستان هاتوون، هەندێك لە ئامادەبووانی هێنایە گریان. ڤیان دەخیل، ئەندامی كوردی ئێزدی پەرلەمانی عێراق، لە كۆبوونەوەكەدا گوتارێكی پێشكەشكرد و بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانی گوت:" ئێمە لەناو دەبرێین".
ڤیان یەكەمین كوردە لە مێژووی نەتەوە یەكگرتووەكان باسی خەم و ئەو كارەساتانە بكات كە بەسەر كوردانی ئێزدیدا هاتوون. گوتەكانی ڤیان دەربارەی كچە رفێنراوەكانی ئێزدی هەندێك لە ئامادەبووان و دیپلۆماتكارانی هێنایە گریان. ڤیان بە ئامادەبووانی گوت "كچێكی ئێزدی بە 18 دۆلار فرۆشراوە".
"ئەم شێتیە بووەستێنن"
لە كۆبوونەوەكەدا كە نزیكەی 70 وڵات و رێكخراوی نێودەوڵەتی گوتاریان پێشكەشكرد، هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوە كۆكبوون كە فرە ئایینی و نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر هەڕەشەیەكی راستەوخۆدایە.
كورد، كوردانی ئێزدی و مەسیحییەكان وەكو نموونەی ئەو كولتوورە جیاوازانەی ناوچەكە باسدەكران كە لە ژێر هەڕەشەی راستەوخۆدان. بەڵام هیچ كام لە وڵاتەكان چارەسەرێكی بنەڕەتی پێشكەش نەكرد و هیچ پابەندبوونێكی سیاسی روونیان دەرنەبڕی بۆ پاراستنی كەمە نەتەوایەتی و ئایینەكان.
'ئەم شێتیە بووەستێنن' ئەمە پەیامی وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا خۆسێ مانوێل مارگایۆ بوو بۆ نوێنەرانی بەهێزترین وڵاتانی دنیا لەوانە ئەمریكا، چین و رووسیا.
رووداو
