ڕوونكردنەوەیەك لە لیژنەی باڵای قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووانی شەڕی ناوخۆ

ڕوونكردنەوەیەك لە لیژنەی باڵای قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووانی شەڕی ناوخۆ

كەناڵی (NRT) لە شەوی 22 لەسەر 2015/3/23 لە میانەی گەشتێكی هەواڵەكانیدا ڕاپۆرتێكی چەواشەكاری لەسەر خەرج كردنی بڕی (17) ملیۆن دۆلار لە پارەی داهاتی نەوت بۆ قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووانی شەڕی ناوخۆ بڵاوكردەوە. بۆ ئەم مەبەستە بە پێویستی دەزانین ئەم ڕوونكردنەوەیەی خوارەوە بخەینە بەردەم ڕای گشتی:-

1 - ئەم بابەتە كە كەناڵی (NRT) وەكو دەستكەوتێك بۆ كەناڵەكەیان بڵاوی كردۆتەوە شتێكی نهێنی نیەو، بودجەی ئاماژەپێكراو بە شێوەیەكی ئوسوڵی و لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییە كارگێڕی و داراییەكان خەرج كراوەو، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم دۆكیۆمێنت و بەراییەكانی تایبەت بەم بابەتە لەبەردەستن.

2- ئەم بابەتە بە شەفافی لە میانی بڵاوكراوەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان ئاماژەی پێدراوەو خراوەتە بەردەم ڕای گشتی وەكو هەموو ئەو خەرجیانەی كە لە داهاتەكانی نەوت لە بڵاوكراوەكانی وەزارتی ناوبراودا ئاماژەیان پێكراوە.

3-هەروەها لە ڕاپۆرتی ژمێركاری كۆتایی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە كۆتایی ساڵی دارایی 2013دا خراوەتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان.

4-ئەم بڕە پارەیە بەمەبەستی كۆتایی هێنان بە هەموو ئەو كێشەو گرفتانەی كە لە ماوەی شەڕی ناخۆدا ڕووبەڕووی هاوولاتیان بۆتەوە خەرج كراوەو، بەشێك لەو خەڵكانەی كە لە ماوەی ئەم شەڕە نەگریسەدا زیان بەر ماڵ و موڵكیان كەوتبوو پاش دڵنیابوون لە بەڵگەنامەكانیان لە لایەن لیژنەكەمانەوە خەمڵاندنیان بۆ كراوەو بە گوێرەی مافی خۆیان قەرەبووكراونەتەوە.

5-پرۆسەی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی شەڕی ناوخۆ پرۆسەیەكی بەردەوامەو، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە كە كۆتایی بەم دۆسیەیە بهێنێت لە پێناو سڕینەوەی ئاسەواری ئەم شەڕەو، بە ئامانجی قەرەبووكردنەوەو گەڕاندنەوەی ماف بۆ هەموو ئەو كەسانەی بەم هۆیەوە زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی دارایی هەرێم لە ساڵی 2014 و 2015دا نەتوانراوە بەردەوامی بەم پرۆسەیە بدرێت.

6-هەروەك ئاماژەمان پێكرد پێمان وایە مەبەستی كەناڵی (NRT) لە بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە هەواڵە چەواشەكردن و بەلارێدا بردنی ڕای گشتیەو، ئەگەركەناڵەكە بەشێوەیەكی پرۆفشناڵانە هەڵسوكەوتی بكردایە پێش بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە دەیتوانی سەردانی لیژنەی باڵای قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی شەڕی ناوخۆ لە ئەنجومەنی وەزیران بكات و سەرجەم زانیاریەكان بە شێوەیەكی شەفافانە دەخرایە بەردەستیان.

7-جگە لەوەش ئەگەر هەر تێبینی و كەم و كورتییەك لە خەرج كردنی ئەم بودجەیەدا هەبێت دامەزراوەكانی تایبەتمەند بەم بابەتە وەكو لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەسپاكی وەكو هەر كەیسێكی تر لێكۆلینەوەیان لەم بابەتە دەكرد و، (NRT) بەهیچ شێوەیەك ناتوانێ‌ رۆڵی ئەم دامەزراوانە بگێڕێت.

8-هەر بۆیە بە پێویستی دەزانین ڕوونی بكەینەوە كە لە كاتی دووبارەبوونەوەی هەر حاڵەتێكی لەم جۆرە كە مەبەستی چەواشەكارانەی لە پشتەوە بێت بە مافی خۆمانی دەزانین كە ڕێكاری یاسایی بگرینە بەرو ڕێگە لە شێواندنی ڕای گشتی بگرین.

لیژنەی باڵای قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی شەڕی ناوخۆ
2015/3/23
Top