پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیاسای سندوقی داهاتی نەوت پەسەند دەكات
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (نازم هەركی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە سەعات ١١-ی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دوو خاڵ دەكرێت، یەكەم درێژەدان بە گفتوگۆكان لەبارەی پڕۆژەیاسای سندوقی داهاتی نەوتی كە لە كۆبوونەوەی رابردوویشدا شەش ماددەی لێ پەسەند كراوە، هەروەها گفتوگۆكانیش لەبارەی متمانەدان و سوێندخواردنی وەزیرێكی نوێ بۆ كاروباری هەرێم كە لە پشكی یەكگرتووی ئیسلامییە، درێژەیان دەبێت".
(نازم هەركی) گوتیشی: "هەموو بڕگە سەرەكییەكانی پڕۆژەیاسای سندوقی داهاتی نەوت پەسەند كراون و لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەیشدا پڕۆژەیاساكە بە تەواوەتی پەسەند دەكرێت".
