بەیاننامەیەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

بەیاننامەیەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
پاش شەهیدکردنی 3 پێشمەرگە لە دیلەکانی دەستی رێکخراوی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە رۆژانی رابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بە توندی مەحکوومی کردووە.
کە ئەمە دەقەکەیەتی:

هەواڵی شەهیدبوونی هەرسێ پێشمەرگەی قارەمانی گەلەکەمان، شەهیدان (هیشام نەبیل، پشتیوان عوسمان و ڕزگار حەمەساڵح) بە دەستی تیرۆریستانی داعش، بەو شێوە دڕندە و نامرۆڤانەیە، هەموو کوردستانییان و مرۆڤدۆستانی دڵتەنگ و خەمبار کرد. دیل کوشتن، بەو شێوازە وەحشیگەرییە، کە دوورە لە هەموو بەها و پرەنسیپێکی مرۆیی و ئایینی و ئەخلاقی، کارێکە تەنها لە فەرهەنگی داعش و تیرۆریستانی هاوشێوەیاندا جێگەی دەبێتەوە. ئێمە لە کاتێکدا بە توندی ئەم تاوانە دڕندانەیە شەرمەزار و ڕیسوا دەکەین، دڵنیاین کە تیرۆریستان باجی گەورەی ئەم کارە دڕندانانەیان دەدەن و دەستی دادوەری هەر دەبێ بیانگاتێ. دەبێ تیرۆریستان بزانن کە به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ خوێنی ڕۆڵەکانمان خۆش نابین و بەرامبەر بەم تاوانه‌یان، دەبێ چاوەڕوانی سزای گەورە بن.

سەری ڕێز و وەفا بۆ ئەم سێ شەهیدە قارەمانەمان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان داده‌نوێنین و سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە سەربەرزەکانی (شەهید نەبیل) و (شەهید پشتیوان) و (شەهید ڕزگار) و سەرجەم کوردستانییان دەکەین.

دروود بۆ گیانی پیرۆزی سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
22/3/2015
Top