نوجێفی: نەورۆزی ئەمساڵ ناونیشانێكی نوێی هەیە

نوجێفی: نەورۆزی ئەمساڵ ناونیشانێكی نوێی هەیە
ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند، نەورۆزی ئەمساڵ، ناونیشانێكی نوێی هەیە و برایەتی و یەكڕیزی نێوان پێكهاتەكان لە شەڕی دژ بە تیرۆردا قوڵتر دەكاتەوە.

نوجێفی لە بەیاننامەیەكدا بەبۆنەی نەرۆزەوە رایگەیاند: "لەسایەی ئەم بارودۆخەی عیراقی پێدا تێدەپەڕێت كە خۆی لە شەڕی رووبەڕبوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعشدا دەبینێتەوە، هیواكان یەكمان دەخەن و نەریتەكانی نەورۆزیش برایەتی مێژوویی نێوان عیراقییەكانمان دێننەوە یاد تا زیاتر یەكگرتووبین و كار بۆ رزگاركردنی هەموو ئەو ناوچانە بكەین كە تیرۆر دەستی بەسەردا گرتوون".

بەپێی بەیاننامەكەی جێگری سەرۆك كۆماری عیراق: "نەرۆزی ئەمساڵ، ناونیشانێكی نوێی هەیە و ناوەڕۆكەكەی برایەتی و یەكڕیزیی عیراقییەكان دەگەیەنێت لە شەڕی رزگاری. "

نوجێفی ئاماژەی بە كاولكردنی شارستانی و شوێنەوارە مێژوییەكان و پێگە ئایینییەكان و مەزارگەی پێغەمبەران و شوێنە پیرۆزەكانی تر كردووە بەدەستی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، بەپێویستیشی زانی ئەو كاولكارییانە ببنە هاندەرێك بۆ جەنگاوەرانی عیراقی تا بەشێوەیەكی بەهێزتر رووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە و وڵات لە تیرۆریستان پاكبكاتەوە.
Top