د. ديندار زێباری: پێشوازی لە راپۆرتی هاوبەشی یۆنامی و كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤ دەكەین سەبارەت بە پاراستنی خەڵكی سڤیل لە شەڕی داعشدا
یۆنامی و نووسینگەی یوئێنی سەر بە كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤ لە ژنێف راپۆرتێكی هاوبەشیان سەبارەت بە پاراستنی خەڵكی سڤیل لە جەنگدا لە عێراق لە ماوەی نێوان 11/7/2014 تا 10/12/2014 بڵاوكردۆتەوە و تێیدا تیشكیان خستۆتە سەر رەوشی مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵكی سڤیل دوای كۆنتڕۆڵكردنی شاری موسڵ و چەند شارێكی دیكەی عێراق لە لایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعش و هێرش كردنیان بۆ سەرچەند ناوچەیەكی كوردستان و ئەو پێشێلكاریانەی لەو ماوەیەدا بەرامبەر بە خەڵكی سڤیل روویانداوە.
سەرۆكی لیژنەی وەڵامدانەوە و پێداچوونەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی راپۆرتەكە رایگەیاند ئەوەی جێگای خۆشحاڵی ئێمەیە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راپۆرتەكەدا هیچ پێشێلكارییەك دژ بە هێزە ئەمنییەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان تۆمار نەكراوە ئەمەش پێچەوانەی ئەو راپۆرتانەیە كە ماوەیەك بەر لە ئێستا رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ بڵاوی كردەوە و چەند تۆمەتێكی ناهەق و دوور لە راستیی دایە پاڵ هێزە ئەمنییەكانی كوردستان بەرامبەر بە عەرەبە سوننەكان لەو ناوچانەی كە شەڕی تێدا بووە، زێباری ئەم راپۆرتە هاوبەشەی بە وەڵامێك بۆ راپۆرتەكەی هیومن رایتس وۆچ لە قەڵەمدا، بەپێچەوانەوە ستایشی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كراووە بۆ پێشوازی كردن لە نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە كە زۆربەیان عەرەبی سوننەن سەرەڕای ئەوەی حكومەتی ناوەندی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە و هەرێمی رووبەڕووی قەیرانێكی ئابووری گەورە كردۆتەوە.
شایەنی ئاماژە پێكردنە راپۆرتە هاوبەشەكەی یۆنامی و نووسینگەی یوئێنی سەر بە كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤ لە ژنێف سەبارەت بە پاراستنی خەڵكی سڤیل لە جەنگدا لە عێراق باس لە چەندین پێشێلكاری دەكات كە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعش دژ بە هاووڵاتیانی سڤیل ئەنجامدراون بەتایبەتی بەرامبەر بە كەمایەتییەكان وەك (ئێزیدی، كاكەیی، كریستیان، شەبەك، فەیلی) وەك كوشتن و رفاندن كە هەموو ئەمانەش بە تاوانی جەنگ دادەنرێن جگە لە سووتاندن و تێكدانی مزگەوت و مەزارگە ئاینییەكان و شوێنەوارە دێرینەكان.
لەلایەكی دیكەوە راپۆرتەكە تیشكی خستۆتە سەر ئەو تاوان و پێشێلكاریانەی كە میلیشیای حەشدی شەعبی لەو ناوچە سوننەنشینانە ئەنجامیداون كە لە دەست رێكخراوی داعش رزگار دەكرێن وەك سووتاندن و خاپوور كردنی ماڵی هاووڵاتیان و تێكدانی مزگەوتی سوننەكان لە جەلەولا و سەعدیە و دۆزینەوەی دەیان لاشە كە شوێنەواری ئەشكەنجەدانیان پێوە دیارە.
لە كۆتایی راپۆرتەكەش كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤ داوا لە بوونی عێراق دەكات بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندام پەیماننامەی رۆمای تایبەت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی بتوانن كارەكانیان بەشێوەیەكی باشتر لەم بارەیەوە ئەنجام بدەن.
