لەبارەی بەشداریکردنی لەگەڵ حەشدی شەعبی، پێشمەرگە ڕوونکردنەوە دەدات
سەرچاوەیەکی ھێزەکانی پێشمەرگە لەنزیک گوندی بەشیر ڕاگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێکە ھێزەکانی حەشدی شەعبی بەپشتیوانی تۆپخانەکانی پێشمەرگە، ھێرشدەکەنەسەر گوندی بەشیر.
سەرچاوەکە ئەوەشی ڕوونکردەوە، ھەرچەندە حەشدی شەعبی توانیویەتی بەتەواوی گەمارۆی بەشیر بدات، "بەڵام نەیتوانیوە بەتەواوی کۆنترۆڵی بکات".
لەبارەی دەنگۆی بەشداریکردنی پێشمەرگە لەکۆنترۆڵکردنەوەی بەشیردا، سەرچاوەکەی پێشمەرگە ڕەتیکردەوە، ئەوان بەشدارییان کردبێت، وتیشی:"بەشداریکردنی پێشمەرگە تەنھا وەکو پشتیوانییە".
ژمارەیەک لەمیدیای عەرەبی بڵاویانکردۆتەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ھێزێکی ھاوبەشی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی گوندی بەشیریان لەچەتەکانی داعش ڕزگارکردووە.
گوندی بەشیر دەکەوێتە باشوری کەرکوک و دانیشتوانەکەی تورکمانی شیعە مەزھەبن، لەئێستادا لەژێر دەستی داعشدایەو چەکدارە شیعەکان ھەموو ھەوڵێکیان خستۆتەگەڕ بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی، بەڵام نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن.
بەگوێرەی زانیاریيەكان، تائێستا چەکدارە شیعەکان چەندین جار ھێرشیانکردۆتەسەر بەشیرو نزیکەی 70 کوژراوو 160 برینداریان داوە، بۆیە دەیانەوێت ھەرچۆنێک دەبێت گوندەکە لەژێر کۆنترۆڵی داعش دەربھێنن.
