دایکە عایشە ناسناوی دایكی شەهیدانی جیهانی پێ دەبەخشرێت.. پەرلەمانی ئەورووپا میوانداری دەکات

دایکە عایشە ناسناوی دایكی شەهیدانی جیهانی پێ دەبەخشرێت.. پەرلەمانی ئەورووپا میوانداری دەکات
پەرلەمانی ئەورووپا لە رێگەی بانگهێشتنامەیەكی فەرمی و بە مەبەستی رێزلێنان، بانگهێشتی دایكە (عائیشە) دایكی ئەو سێ شەهیدەی كە لە ڕزگارکردنەوەی ناوچەی زوممار لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە شەهید كران، دەكات.

بە گوتەی پەیامنێرمان لە شارۆچکەی سۆران، سەعات 12ـی ئەمشەو بە كاتی هەولێر، دایكی ئەو سێ شەهیدە بە یاوەریی تاقە كوڕەكەی(خورشید) بەرەو برۆكسلی پایتەختی بەلژیكا بەڕێ کەوتوون و، وایش بڕیارە دوای گەییشتنیان بەو وڵاتە لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە مەراسیمێكی رێزلێنانیان بۆ ساز بكرێت، هاوكات بڕیاریشە لە هەمان مەراسیمدا ناسناوی دایكی شەهیدانی جیهانی پێ ببەخشرێت.

جێگای بیرخستنەوەیە، رۆژی 25ـی تشرینی یەكەمی 2014 لە ڕزگارکردنی شارەدێی زوممار لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، سێ برای پێشمەرگە بە ناوەكانی (نەجات عوسمان، ئەحمەد عوسمان و مەولوود عوسمان) بەیەكەوە شەهید بوون.

وەک تاقە کوڕی (دایکە عایشە)، (خورشید) پێیڕاگەیاندین، ئەوان هەر هێندە دەزانن کە لە بەلژیکا داوەتنامەیان پێ‌گەییشتووە و مەبەستیش لێی ڕێزلێنانە، کە لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە کە بارەگاکەی لە بەلژیکایە ئەو ناسناوە بە دایکی دەبەخشێت.

هەرچی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە یەکیەتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، لە دوای چەند کۆبوونەوەیەک لە گەڵ بەرپرسانی پەرلەمانی ئەورووپادا، بڕیار درا دایکی ٣ شەهیدی کوردستان و ٢ ئافرەتی رزگاربووی دەستی داعش بە شێوەی فەرمی لە لایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە بانگهێشت بکرێن بۆ بەشداریکردنی لە دانیشتنێکی فەرمیی پەرلەماندا.

بەپێی زانیارییەکانی(خالد ئاژگەیی)، بڕیارە هەر لەو سەردانەدا بە فەرمی لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا (مارتین شولتا)ـوە پێشوازییان لێ بکرێت و رێزیان لێ بگیرێت.

دەشڵێت، مەبەست لەم بانگهێشتکردنەی پەرلەمانی ئەورووپا، رێزگرتنە لە رۆڵی ئافرەتی کورد لە بەرخۆدان و خەبات و ئیرادەی پۆڵایین.

شایانی ئاماژەپێدانە کە (مەسروور بارزانی) خەرجیی سەفەر و مانەوەی شاندەکەی لەئەستۆ گرتووە.

شیاوی گوتنە، دوێنێ دووشەممە و لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهیددا کە بە ئامادەبوونی دایکی سێ برای شەهید ساز درا، خەڵاتی ڕێزلێنان لە لایەن خانەوادەی ٦٣ شەهیدی دەڤەری سۆرانەوە بە دایکە عایشە بەخشرا.
Top