یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعشدا دابەش دەكرێت

یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعشدا دابەش دەكرێت
وەزیری شەهیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەدا سەرقاڵی بەرنامەیەكن بۆ دابەشكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعشدا، بە تایبەت ئەوانەی گوزەرانیان باش نییە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان كەوتوون، بڕیار وایە دوای نەورۆز لە هەولێر و سلێمانی یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر بنەماڵەی شەهیدانی شەڕی داعشدا دابەش بكرێت.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم هەفتەیە وەزیری ئاوەدانكردنەوە و پێشمەرگە و شەهیدان كۆ دەبنەوە و بڕیاری كۆتایی لەسەر چۆنیەتیی دابەشكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر بنەماڵەی شەهیدانی شەڕی داعشدا دەدرێت.
بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی كەوتوون، پەیوەندیمان بە وەزیری شەهیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (مەحموودی حاجی ساڵح)ـەوە كرد و پێی گوتین: "لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەدا سەرقاڵی بەرنامەیەكین بۆ دابەشكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعشدا، بە تایبەت ئەوانەی گوزەرانیان باش نییە".
Top