ئەرمینیا كۆنسووڵگەریی گشتیی وڵاتەكەی لە هەولێر دەكاتەوە

ئەرمینیا كۆنسووڵگەریی گشتیی وڵاتەكەی لە هەولێر دەكاتەوە
لە میانەی دیدارێكیان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ بە فەرمی باڵیۆزی وڵاتی ئەرمینیا لە عێراق، بڕیاری حكوومەتی وڵاتەكەیانی لەسەر كردنەوەی كۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستاندا ڕاگەیاند.

باڵیۆزی وڵاتی ئەرمینیا (كارین گریگۆر)، وێڕای ستاییشكردنی پێشوەچوونەكانی رەوشی ئاوەدانی و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی، ئەم بڕیارەیشی وەك پێشوەچوونێكی پەیوەندیی دۆستایەتی و هاریكاری و پەرۆشبوونی حكوومەتی ئەرمینیا ناساند لە هەمبەر برەودانی پتر بە پەیوەندییەكانیان و بایەخی هەرێمی كوردستان وەكو هەرێمێكی خودان پێگەی سیاسی و ئابووری و دیموكراسی و ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی كە لە ئەدای حكوومەتی كوردستان و رۆڵی پێشمەرگەی كوردستان دەكرێت لە ‌بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستیانی داعش.
پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی)، وێڕای ستاییشكردنی ئەم بڕیارەی حكوومەتی ئەرمینیا بە كردنەوەی كۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەكەیان لە هەولێر، هەموو پشتیوانی و كارئاسانییەكی پارێزگای بۆ هەماهەنگیی جێبەجێكردنی بڕیارەكە و دەستبەكاربوونی كۆنسووڵگەرێتییان لە هەولێر، خستە روو.
Top