بەغدا رێککەوتنی نەوت و بودجە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت

بەغدا رێککەوتنی نەوت و بودجە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت
لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێکەوتنی لەسەر هەناردەکردنی نەوت و پەسندکردنی بودجە کردوە، بەڵام بەغدا رێکەوتنەکە دەگۆرێت و دەیکاتە نەوت بەرامبەر پارە، ئەوەش کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە.

د.شیرین حوسنی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: عەببادی لە کۆبونەوەی لەگەڵ کوتلە کوردستانیەکان بە ئاشکرا گوتوویەتی "هەرێمی کوردستان چەند نەوت بۆ ئێمە هەناردە بکات ئەوەندە پارە بۆ هەرێم رەوانە دەکەین"، لە کاتێکدا رێککەوتنی پێشووی ئێمە لەسەر نەوت و دەنگدان بە بودجە بەم شێوەیە نەبووە.

دوای ئەوەی رۆژی 13ی 11ی 2014 نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان‌و عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت رێکەوتنێکیان لەسەر نەوت ئەنجامدا،لە ژێر رۆشنایی ئەم رێککەوتنە رۆژی 30ی 1ی 2015 لە پەرلەمانی عێراق بودجەی 2015ی پەسندکرا.

د.شیرین حوسنی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: رێکەوتنەکە بۆتە شێوەیەک لە کڕین و فرۆشتن، چونکە رێککەوتنی پێشووی هەرێمی کوردستان لەسەریاسای بودجەی 2015 بوو، بەشێوەیەک 17% بۆ بودجەی کوردستان و تریلیۆنێک و 200 ملیار دیناریش بۆ پێشمەرگە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاشکرایکرد نێچیرڤان بارزانی پێی گوتوون بەدەر لە رێکەوتنی نێو بودجە بە هیچ شتێکی تر رازی نابن، لە دواکۆبونەوەیدا لەگەڵ ئێمە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی راگەیاندین ئەگەر بەغدا بەشە بودجەی کوردستان بنێرێت، ئێمە لەگەڵیان دەگەینە ئەنجام، بەڵام ئەگەر لەسەر یاسای بودجە نەینێرێت و شتێکی تری بڕیار دابێت ئێمەش نەوت نانێرین و خۆمان نەوتی خۆمان دەفرۆشین.

بودجەی پەسندکراوی 2015ی عێراق 119 تریلیۆن و 120 ملیار دینارە، بەشی هەرێمی کوردستانیش نزیکی 15 تریلیۆن دینارە، بەڵام لە ماوەی 3 مانگی ئەمساڵدا بەغدا تەنها 250 ملیار دیناری بۆ هەولێر ناردووە.

ئەو پەرلەمانتارە رونیشیکردەوە بیانووی بەغدا بەهۆی نەبوونی سیولە بۆ نەناردنی بەشە بودجەی کوردستان بیانویەکە لە شوێنی خۆی نیە.

حاکم سەرحان سلیفانی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بەهەمان سەرچاوەى راگەیاند: حکوومەتی عێراقی بەرامبەر بەشە بودجەی کوردستان کارێکی ناقانونی دەکات، هەرێم ئالیەتێکی تری هەیە بۆ نەهێشتنی بیانووی بەغدا، ئەویش ئەوەیە کە تاوەکو مانگی 3 هەرێم رۆژانە 375 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لە مانگی 4 دەیکاتە 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەوەشمان لەزاری کاک نێچیرڤان بیستووە لە کۆبونەوەیەکدا.
- S
Top