خەریكە جۆرە لێكتێگەیشتنێك لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان دروست دەبێت

خەریكە جۆرە لێكتێگەیشتنێك لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان دروست دەبێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان خەسرۆ گۆران سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: من پێموایە ماف نادرێت و وەردەگیرێت، راستە لەعێراقدا دەستوور و یاسا هەیە و كورد بەشدارە لەحكومەتی عێراق، بەڵام تا ئێستاش مافەكانی كوردستان پێشێل دەكرێت، بۆ نموونە ئەگەر دەستوور پێشێل نەكرایە ماددەی 140ی دەستووری و لە 17%ی بودجەی كوردستان جێبەجێ دەكرا، پێشمەرگەش كە شەڕی داعش دەكات دەبوایە لە مەنزوومەی بەرگری عێراقدا پڕچەك بكرایە و بودجە و مووچەیان بدرایەتێ، ئەمە لەكاتێكدا مافەكانی هێزی پێشمەرگە لەناو پڕۆژەیاسای بودجە دیاریكراوە، كەچی بە هاوشێوەی زۆر لە دۆسیەكانی دیكەی نێوان هەرێم و عێراق دۆسیەی پێشمەرگەش هەنگاوی پراكتیكی بۆ نەنراوە و بگرە ئاستەنگ و بەربەستی لەبەردەم دانراوە، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە وەكو نوێنەرانی كوردستان لەبەغدا بەردەوام دەبین لەجێبەجێكردنی ئەو هەنگاوە حەكیمانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەینێت لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان.

خەسرۆ گۆران هەروەها گوتی: لەمانگی 10ی 2014 رێككەوتنێكی سەرەتایی لە نێوان هەولێر و بەغدا كرا، بەمەش سەهۆڵبەندانی نێوان هەردوو لا شكا و دەرفەتێك بۆ دانوستان و گفتوگۆكان هاتەپێش و ئاڵۆزییەكان رووی لە خاوبوونەوە كرد. بەپێی خاڵە سەرەكییەكانی ئەم رێككەوتنە حكومەتی هەرێم تا مانگی 12 ی 2014 رۆژانە دەبێت 150 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێت و لە بەرامبەریشدا حكومەتی بەغدا هەموو مانگێك نیوملیار دۆلار تەسلیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات. كاتێكیش لە مانگی 12/ 2014 شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتنەوە بەغدا و ئەو رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا پەسەند كرا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت و 300 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی چاڵە نەوتەكانی كەركووك لە رێگەی بۆرییە نەوتییەكانی كوردستان رەوانەی دەرەوە بكات، حكومەتی بەغداش لە 17%ی بودجە تەسلیم بە حكومەتی كوردستان بكات، ئێمە توانیمان رێككەوتننامەكەی نێوان كوردستان و عێراق چوارچێوەیەكی یاسایی بدەینێ و بیخەینە ناو پڕۆژەیاسای بودجەوە و دەنگی لەسەر درا، بەمەش گەر بڕگەكانی رێككەوتننامەكەی نێوان كوردستان و عێراق لەلایەن حكومەتەكەی عەبادییەوە جێبەجێ نەكرێت.

شايانى باسه گۆران هەروەها گوتی: بوونی ئێمە لە بەغداو بەردەوامی دانوستان و گفتوگۆكان گرنگە، تەنانەت ئەگەر بەرەو سەربەخۆییش هەنگاو بنێین دەبێت كێشەو گرفتەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین، كێشەكانی یاسای نەوت و غاز و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بودجەی پێشمەرگە و بودجەی هەرێم دەبێت رووەو چارەسەركردن بچێت، ئەمڕۆ پێگەی كوردستان لەبەغدا بەهێزە و ئێمە پارێزگایەكی عێراق نین و هەرێمێكی بچووكیش نین و هەموو لایەنەكان حیساب بۆ كوردستان دەكەن، هەر بۆیە بوونی عەقڵیەتی دژ بە كورد ئەو كاریگەرییەی لەسەرمان نابێت، هەڵوێستیشمان دەبێت لە پێشێلكردنی مافی كوردستان لە بودجەدا، بەڵام جارێ دەرگاكان دانەخراون و رێككەوتنێك لە نێوان كوردستان و عێراق هەیە و یاسایەك هەیە بە ناوی بودجە كە دەبێت حكومەتی عێراقی پابەند بێت بەوەی پارە بۆ كوردستان بنێرێت، لەم رووەوە چاوەڕوانی ئەنجامی دانوستانی شاندی كوردستانین كە بڕیارە بچێتە بەغدا.


لە كۆتایی قسەكانیدا خەسرۆ گوتی: گەرچی لە یاسای بودجە و رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا باس لە بودجەی پێشمەرگە كراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە، لە رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغداش هاتووە كە پارە بۆ پێشمەرگە خەرج دەكرێت بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، واتا لە وەزارەتی بەرگری عێراق دەبێت بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان كە بە 17% دادەنرێت پارە بۆ هێزی پێشمەرگە خەرج بكرێت، لەم ماوەیەشدا شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە چووە بەغدا و لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق كۆبوونەوە، وەكو ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی كوردستانی كار لەسەر بەدواداچوونی ئەم دۆسێیەش دەكەین و پێشتریش كارمان لەسەر كردووە، تەنانەت پێش سەردانی شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق ئێمە سەردانی وەزیری بەرگری عێراقمان كردووە و باس و گفتوگۆمان لەسەر بەشە بودجەی پێشمەرگە كرد.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1018)
Top