نوری مالیكی پێی گوتین كەوتنی موسڵ پرسێكی سیاسییە و ئەسیل نوجێفی تاوانبارە
بەشار كیكى هەروەها گوتی: لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی موسڵ بە فەرمانێكی پەرلەمانی عێراق، لە بەغدا پێكهێنراوەو ئەو لیژنەیەش تا ئێستا گەیشتۆتە كۆتایی كارەكانی خۆی، ئەوەی كراوە تائێستا، لێكۆڵینەوە لەگەڵ پارێزگار كراوە و زیاتر لە 60 بەرپرسی ئەمنی و كارگێڕی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەنجامدراوە، زۆربەی زۆری ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بە فەرمی داواكراون لەبەردەمی ئەم لیژنەیە بۆ وەرگرتنی بۆچوونیان، یان ئیفادەدانیان ئامادە بن، لیژنەكە كراوەیە بۆ هەموو خەڵكێك و هەندێكیش بۆ خۆیان داوایان دەكەن، لە كاتی گەیشتنی بانگهێشت بۆ من، تووشی رووداوێك بووم، بۆیە لە من خۆشبوون كە نەمتوانی بچم، زانیارییەكان هەرچۆنێ بن، كەوتنی موسڵ واتای كەمتەرخەمی هێزە ئەمنییەكانە، بەرپرسانی هێزەكانیش نەك تەنیا كەمتەرخەم، بەڵكو تاوانباری سەرەكین.
شایانی باسه بەشار هەروەها گوتی: نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بە حوكمی پێگەی خۆی كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بووە، ئەو (عەبود قەنبەرو عەلی غێدانی) بۆ موسڵ ناردن، تا ئەوان ئیدارەی ئۆپەراسیۆنەكانی موسڵ بكەن، هەڵەی گەورەیان ئەوە بوو لە كاتی شەڕدا فەرماندەی فیرقەی دوویان گۆڕی، ئەمە كاریگەری هەبوو لەسەر كەوتنی موسڵ، پێش كەوتنی موسڵ ئێمە وەك ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ مالیكی كۆبووینەوە، بە فەرمی پێمان راگەیاند كە دۆخی موسڵ زۆر خراپە و پێویستە گۆڕانكاری لە سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكانی موسڵ بكرێت، دوای ئەم كۆبوونەوەیە (باسم تائیی) گۆڕی بە (مەهدی غەڕاوی) كەچی ئەنجامەكە زۆر خراپتر بوو، لەبەر ئەوەی غەڕاوی زۆر دەستی لە كاروبارەكانی ئێمە وەردەدا، بێ ئەوەی لە هیچ دۆسیەیەكی ئەمنی رای ئێمە بە هەند وەربگیرێت، دەشیانوت ئێوە هیچ پێوەندیتان بە ئەمنی موسڵەوە نەبێت، كەواتە ئەوان بەرپرسیارن لە كەوتن و نەكەوتنی موسڵ، دوای كەوتنی موسڵیش چووینە لای مالیكی و پێمان وت هۆكارەكە چییە؟ ئەو وتی: هۆكارەكە سیاسییەوە و (ئەسیل نوجێفی) تاوانبارە، من بە نوری مالیكیم وت كە لە نۆی مانگدا خۆم تەلەفۆنم بۆ (عەبود قەنبەر)كردو پێمڕاگەیاند داعش نزیك بوونەتەوە، ئەویش وتی هیچ ئاگام لێیان نییە، دواتر لە ئەنجومەن دەرچووم و چوومە لای بەرپرسی لق و ئێوارەیەكی درەنگ لە موسڵ دەرچووم، بە درێژایی رێگەكە یەك پۆلیس و یەك سەرباز چییە لە ناو موسڵ نەمابوون.
لە كۆتایی قسەكانیدا كیكی گوتی: ئامادەكارییەكان بۆ گرتنەوەی موسڵ بەردەوامن، ئێمە سەربازگەی پۆلیسمان هەیە، كە بە هەزاران پۆلیسی تێدایە و مووچەی خۆیان وەردەگرن، ئەوانە دەبنە هێزێكی سەرەكی لە گرتنەوەی موسڵ، سەربازگەی حەشدی وەتەنیش هەیە كە لە لایەن بەغدا ئیعترافی پێكراوە و لە هەموو نەتەوەكانە و مووچەی خۆیان وەردەگرن، بڕیار وایە لە پازدە هەزار سەرباز تێنەپەڕێت، گرفت ئەوەیە لەلایەن بەغداوە پشتگیری لەو سەربازگانە ناكرێت، چەك و تەقەمەنی پێویستیان پێنەدراوە و كەمتەرخەمی هەیە لە بەدواداچوون بۆ ئەو سەربازگانە، بەڵام ئەمریكییەكان ئاگایان لێیە و هەرێمی كوردستان پشتگیری ئەو سەربازگانە دەكات و لەم دواییەش توركیا هاتۆتە سەر خەت، ئەوانیش راهێنەریان هاتووە و رەنگە چەكیشیان پێ بدەن، ئەو سەربازگانە دەبنە بناغەیەك بۆ حەرەسی وەتەنی كە بڕیارە لە پەرلەمانەوە یاسای پێ دەربچێت، ئەو هێزە دەبێتە هێزی نێوان پۆلیس و سوپا، لە پێكهاتەكانی موسڵ پێكدێت و بە شێوەیەك لە شێوەكان گرێدەدرێتەوە بە حكومەتی خۆجێیی موسڵەوە، ئەو هێزە دەبێتە دڵنیایی بۆ خەڵكی ئەم پارێزگایە بۆ گرتنەوەی شوێنە گرنگەكان، تا دڵنیاببنەوە لەوەی ئەوانەی ئەم پارێزگایە دەپارێزن كوڕی ئەم پارێزگایەن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1018)
