جارێكی دیكە بارودۆخەكە ناگەڕێتەوە بۆ پێش داگیركردنی موسڵ ئەمەش مەترسی لێكترازانی عێراقی لێدەكرێت
عەبدولحوسێن شەعبان هەروەها گوتی: ئەگەر چەك لای حكومەت نەبێت، ئەوا ئەگەری پێكدادان و ورووژاندنی شەڕی بەدوادا دێت، پێموا نییە ئەو لایەن و كەسانەی كە بەشداریی شەڕیان دژ بە داعش كردووە، هەر وا بە ئاسانی چەكەكانیان رادەستی دەوڵەت بكەنەوە، واتا پێكهەڵشاخان و گرژیی دەكەوێتە نێوان لایەنە چەكدارەكان و ئەو شوێنانەی كە لێی نیشتەجێ دەبن، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەك بۆ جارێكی دیكە سەرهەڵدانەوەی شەڕی تایفەگەری لە نێوان پێكهاتەكان، بەتایبەتیش ئەو گۆڕانكارییانەی كە دوای شەڕی داعش لەسەر خاك دێنە ئاراوە، لەوانەش پەیوەندیی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە جێبەجێ كردنی ماددەی 140ی دەستوور، هەروەها ئەوەی كە پەیوەستە بە كێڵگەكانی نەوت لە كەركووك و كێشە ئابوورییەكان و دەسەڵاتە خۆجێییەكان و زۆر كێشەی دیكە، ئەمانە هەموویان وەك لوغم وان كە دوای كۆتایی شەڕەكە رەنگە لەهەر ساتەوەختێكدا بێت بتەقنەوەو رەوشەكە ئاڵۆز بكەن.
شايانى باسه شەعبان هەروەها گوتی: ئەو رێكخراوانەی دروست دەبن بە هاوكاریی لایەنە بیانییەكان، یان هەواڵگرییەكان پارەیان پێ دەدرێت و ئامادە دەكرێن و مەشقیان پێ دەكرێت، مەرج نییە وەكو جاران بمێننەوە، هەر لەگەڵ ئەوەی كە چەك و پارەیان پەیداكرد، یان بیروباوەڕێكیان پیادە كرد و هێزی سەربازی و ئایینییان دروستكرد، یەكسەر سەربەخۆ دەبن، ئەلقاعیدە لە عێراق و شام بوونە دوو بەش، بۆ نموونە لە عێراق داعش و لە سووریاش بەرەی نوسڕە هەیە، كە ئەمەش هەر رێكخراوێكی تیرۆریستە و خەڵكێكی بێ ئومێدو بێ ئایندەی لە خۆی كۆكردۆتەوە، كە توانی لە سایەی نەبوونی دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەكان لە سووریا بەم شێوەیە پەرەبسێنێت، هەروەها لە عێراقیش لەبەر ئەو بێسەروبەرییە ئەمنی و سەربازییەی كە وڵاتی گرتۆتەوە و لەسایەی ململانێی تایفەگەری، دەبینین داعش خزایە نێو رەوشەكەوە و لە سووریاش هەر بەرەی نوسرە توانی جێی پێی خۆی لە هەندێ ناوچە قایم بكات.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1018)
