میلیشیای حەشدی شەعبی شیعە ئەو كارە دەكەن كە خۆیان دەیانەوێت نەك ئەوەی ئەمریكا داوایان لێدەكات

میلیشیای حەشدی شەعبی شیعە ئەو كارە دەكەن كە خۆیان دەیانەوێت نەك ئەوەی ئەمریكا داوایان لێدەكات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان مارینا ئۆتاوا گەورە توێژەری ئامۆژگای وۆردۆ ولسن بۆ گوتى: ئێران بە بەراورد بە ئەمریكا هاوكاری تۆكمەتری عێراق دەكات لە شەڕەكەیدا دژ بە داعش، لەو رووەوە كە پشتیوانی زەمینی بۆ دەستەبەر دەكات، نەك تەنها هاوكارییەكی ئاسمانی. گومان لەوەدا نییە كە هۆكاری سەرەكیی دەستێوەردانی ئێران بریتییە لە شەڕكردن لە دژی داعش. دروستبوونی دەوڵەتێك كە لەلایەن رێكخراوێكی سوننی رادیكاڵەوە كۆنتڕۆڵ كرابێت مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئێران. ئەگەر داعش سەركەوتوو بوایە لە زاڵبوون بەسەر پێشمەرگەدا، ئەوا دەبوونە هاوسنووری ئێران. ئەگەرچی ئامانجی سەرەكی ئێران شەڕكردنە لە دژی داعش، نەك بەرپاكردنی شەڕ لە دژی سەرجەم سوننەكانی عێراق، ئەوا دەستێوەردانی ئێران بۆی هەیە بارگرژی تایفەگەری بەرەو هەڵكشان ببات، ئەگەر ئەو میلیشیا شیعانەی ئێران پشتیوانییان دەكات، دەست بدەنە ئەنجامدانی تاوان لە دژی سوننەكان. تەنانەت ئەگەر ئەم كارەش نەكەن، ئەوا بوونی میلیشیای شیعە لەو ناوچانەدا كە سوننەكان زۆرینەن تێیاندا دەبێتە هۆی ئەوەی سوننەكان ترسیان لێ بنیشێت.

مارینا ئۆتاوا هەروەها گوتی: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ناتوانێت رێگری لە بەشداریكردنی میلیشیا شیعەكان بكات لە گرتنەوەی موسڵ. حكومەتی عێراق و میلیشیا شیعەكان ئەو كارە دەكەن كە دەیانەوێت، نەك ئەو كارەی كە ئەمریكا پێیان دەڵێت بیكەن. من گومانم هەیە لەوەی عەبادی بتوانێت میلیشیا شیعەكان لە شەڕی موسڵ دوور بخاتەوە، چونكە هێزی پێویستی نییە لە ناو سوپای رێكخراوی عێراقدا، نیگەرانین لەوەی هۆكاری هەڵكشانی بارگرژی تایفەگەری هەیە.

شایانی باسە ئۆتاوا گوتی: ئەگەر توركیا و سعودیە رۆڵێكی چالاكتریان بگێڕایە لە شەڕی دژ بە داعش، ئەوا بۆی هەبوو ئەم پشتیوانییەیان بۆ حكومەتی عێراق ببووایەتە هۆی ئەوەی كەمتر پشت بە ئێران ببەستێت، بەو پێیە هاوكار دەبوون لە سەقامگیركردنی عێراقدا. كێشەكە لە ئێستادا ئەوەیە كە بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی سوپاكەی عێراق پێویستییەكی بە پەلەی پشتیوانی سەربازی هەیە، ئێرانیش زۆرترین پاڵپشتی دەستەبەر كرد بۆ ئەم وڵاتە كە رووبەڕووی هەڕەشە بۆتەوە. كاریگەری ئێران كەم نابێتەوە، تاوەكو عێراق پشت بە هاوكاری ئێران ببەستێت. لە حاڵەتی میسالیدا، نابێت ئێران دەستێوەردان لە كاروباری عێراقدا بكات، بەڵام ئەو دەست لەم كارە هەڵناگرێت. بەو پێیە، دەستێوەردانی زیاتری سعودیە و توركیا رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی هاوسەنگییەك بۆ بارودۆخەكە بگەڕێنێتەوە.

لە كۆتایی قسەكانیدا مارینا هەروەها گوتی: من هیچ ئاماژەیەك بەدی ناكەم كە میلیشیا شیعەكان ئامادەكاری بكەن بۆ شەڕێكی گەورە بۆ دەست بەسەرداگرتنی تەواوی ناوچەكە، خۆ ئەگەر ئەم كارەش بكەن، ئەوا رووبەڕوی دژوارییەكی زۆر دەبنەوە. دەكرێت میلیشیا شیعەكان سوود لە لاوازی و هەڵە سیاسییەكانی حكومەتەكان وەربگرن بۆ پێشڕەویكردن. بۆ نموونە، سەركەوتنی حوسیەكان بۆ دەست بەسەرداگرتنی سەنعا لەبەر ئەوە بوو كە بۆ چەندین مانگ بوو حكومەتی –ئەو وڵاتە- لە پشێویدا بوو، بەڵام سنوورێك هەیە بۆ هێزی میلیشیا شیعەكان. ئەوەتان لە یاد بێت كە جگە لە بەحرێن شیعەكان لە سەرجەم وڵاتە عەرەبییەكاندا كەمینەن.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1018)

Top